English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: بەبێ دواکەوتن لە 31ـی ئۆکتۆبەر دەچینە دەرەوە
2019-09-03 [12:26 PM]

ZNA-هه‌ولێر


بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، بەبێ هیچ دواکەوتن و "ئەگەر و مەگەرێک" 31ی ئۆکتۆبەر لە یەکێتیی ئەوروپا دەچنەدەرەوە و هەرگیز داوای دواخستنی چوونەدەرەوەکەش لە سەرکردەکانی ئەوروپا ناکات.

لە بەردەم باڵەخانەی ژمارە 10 کە گوێی لە دەنگی خۆپیشاندەرانیش بوو لەسەر شەقام، بۆریس جۆنسن لە گوتارێکی کورتدا جەختی لەسەر سیاسەتی کابینەکەی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەنجامی گشتپرسی چوونەدەرەوەیە لە یەکێتییەکە.

جۆنسن هۆشداریدا بە پەرلەمان کە بە قسەی جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کار نەکەن و دەنگ بە دواخستنی چوونەدەرەوە نەدەن، چونکە وەک خۆی دەڵێت، ئەوە دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی بەریتانیا بەرامبەر وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە گفتوگۆکاندا

بۆریس جۆنسن جەختیشیکردەوە، لە هیچ حاڵەتێکدا حکومەتەکەی داوای دواخستنی چوونەدەرەوە لە برۆکسل ناکات و گوتی "بەبێ هیچ ئەگەر و مەگەرێک لە رۆژی 31ی ئۆکتۆبەر (یەکێتیی ئەوروپا) بەجێدەهێڵین".

بۆ رێگری لە هەنگاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی کە دەیەوێ کێشە بۆ پرۆسەی چوونەدەرەوە بەبێ رێککەوتن دروستبکات، بۆریس جۆنسن داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە ئەندامانی کابینەکەی کرد.

جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کار کە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی وڵاتە، دەیەوێت لەڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە رێگری لە چوونەدەرەوە بەبێ رێککەوتن بکات، یانیش جارێکی دیکە ماوەی چوونەدەرەوە درێژتربکرێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر ئەندامانی پەرلەمان رێگری لە چوونەدەرەوە لە کاتی خۆیدا بکەن، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدەن. بەڵام جەختیشیکردەوە خوازیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، چونکە "وڵات پێویستی بە کاری گرنگترە لە بواری پەروەردە و تەندروستی".

سەرەڕای هۆشدارییەکەی بۆ پەرلەمانتاران، بەڵام بۆریس جۆنسن مەترسییەکانی پەرلەمانی لەسەر درێژکردنەوەی چوونەدەرەوە کەمکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە بەدەستهێنانی رەزامەندی شاژن ئیلیزابێسی دووەم، جۆنسن بڕیاریدا لە 12ی ئەم مانگەوە تاوەکو 14 ئۆکتۆبەر پەرلەمان هەڵپەسێرێت، بەوەش خۆی لە مەترسی دەنگ هێنان و نەهێنان بۆ چوونەدەرەوە بەبێ رێککەوتن بەدووردەگرێت.

ئەوەی مەترسییە هەنگاوەکانی پەرلەمانە تاوەکو 12ی ئەم مانگە کە لە سبەی (سێشەممە 3-9-2019) بە کۆتاییهاتنی پشووی هاوینەی دەستپێدەکات و دەنگی زۆریش لەنێو پەرلەمان هەن دژی هەنگاوەکانی جۆنسن.

بۆچوونەکان لە بەریتانیا بەسەر چەند بەرەیەکی جیاوازدا دابەشبوون؛ هەندێکیان لەگەڵ چوونەدەرەوەن بە رێککەوتنەوە. هەندێکی دیکەش لە بنەڕەتەوە دژی چوونەدەرەوەن و بە هەڵە ناویدەبەن. بەڵام بەشێکیش دەڵێن، بە رێککەوتن بێت یان بەبێ رێککەوتن، دەبێ هەر بچنەدەرەوە.

جێرمی کۆربین دەڵێت، بۆریس جۆنسن بە ئاوازی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا سەما دەکات و چوونەدەرەوەی بێ رێککەوتن، پلانی ترەمپە نەک جۆنسن خۆی.

کۆربین گوتی "وەک روونبووەتەوە، چوونەدەرەوەی بێ رێککەوتن، لەڕاستیدا چوونەدەرەوەی رێککەوتنی ترەمپە، کە ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە رێککەوتنێکی بازرگانی تاکلایەنەمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، ئەمەش ئێمە دەخاتە ژێر رەحمەی دۆناڵد ترەمپ و کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا".

لەنێو خودی پارتەکەی کۆربین و پارتەکەی بۆریس جۆنسن-یش بۆچوونی جیاواز لەبارەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا هەن.

تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا ئەم کاتەی بەریتانیا لە مێژووی هاوچەرخدا بە "گرنگترین چرکەسات" ناودەبات و دەڵێت "وڵاتەکەمان لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووی گرنگدایە، دەبێت بەرژەوەندییە شەخسییەکان وەلابنرێن و وڵات بخرێتە پێش هەمووشتێک، چوونە دەرەوەی بێ رێککەوتن دەبێت یان بە بڕیاری گەل بێت، یانیش لەلایەن پەرلەمانەوە، نەک بەتەنیا بە بڕیاری سەرۆکوەزیران.
 

ئۆپۆزیسیۆنی بەریتانیا دەیەوێت لەو ماوە کورتەی لەبەردەستییەتی بە یاسا رێگری لە هەنگاوەکەی جۆنسن بۆ چوونەدەرەوە بەبێ رێککەوتن بکات. کابینەکەی نوێی حکومەتیش کە تەمەنەکەی تەنیا چەند هەفتەیەکە، هەموو سەرنجی لەسەر چوونەدەرەوەیە بە هەر شێوەیەک بێت.





ئەم هەواڵە 4360جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad