English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەنوێنەرایەتى سەرۆکى حکومەت، وەزیرى خوێندنى باڵا کۆنگرە و پێشانگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى کردەوە
2019-09-05 [11:03 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ڕایگەیاند: پێویستە هەموو جێگایەکی وڵاتەکەمان بکەینە ژینگەیەک بۆ خوێندن و فێربوون و داهێنان، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەش پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای حکومەتی عیراقی و هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک نوێنەرى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆنگرەو پێشانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خوێندن و تەکنۆلۆجیاو خوێندکاران و قوتابیان كرده‌وه‌ کە ژمارەیەک لەوەزیرانى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و کونسوڵ و نوێنەرى وڵاتان ئامادەیبوون.

لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا ئارام محمد قادر بەناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی گونجاو بێت بۆ دروستکردنی دیبەیتێکی نیشتیمانی دەربارەی گرفتەکانی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان، ڕوونیشى کردەوە: پەروەردە و خوێندنی باڵا بنەمای سەرەکی گەشەپێدانی هەمە لایەنەی هەر وڵاتێکە، بۆ ئەوەش وتى: هەموومان دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ داڕشتنەوەی نەخشەڕێگای ڕیفۆرم و چاکسازی ئەم کەرتە گرنگە، و سیستمی خوێندمان، فەلسەفە و ناوەرۆکی پرۆگرام و سیستمی پێداگۆجیمان پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و ڕیفۆرم هەیە.

هەر لە وتەکەیدا د.ئارام محمد قادر وتیشى: پرۆسەی خوێندن لەژێر کاریگەری گەشەکردنی تەکنۆلۆجیا و گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی سەدەی بیست و یەک و دەرفەت و پێداویستییەکانی بازاڕی کار هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، لەم ڕوانگەیەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاند: ئێمەش پێویستمانە بە دیدو دونیابینییەکی کراوە خۆمان بۆ گۆڕانکاری چاکسازی ئامادە بکەین.

لەبارەى داڕشتنەوەى سیستمى پەروەردەو خوێندن لە زانکۆکان، د.ئارام محمد وتى: گرنگە سیستمی پەروەردەیی و خوێندنی زانکۆکانمان بە جۆرێک دابڕێژینەوە کە قوتابی و خوێندکار بکەینە سێنتەری پرۆسەی فێربوون و بواری بیرکردنەوە و داهێنان و کارسازی و بنیادنانی کارامەیی تێڕوانینی ڕەخنەیی زیاتر بۆ ڕۆڵەکانمان برەخسێنینن، وتیشى: پێویستە گرنگی زیاتر بە خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشناڵ بدەین و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندنمان زیاتر ببەستینەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگا و بزنس و پیشەسازیی.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى بالا وتى: ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو زەمینە سازییەک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی دەڕەخسێنین، هیوادارم خوشک و برایانمان لە حکومەتی عیراقی فیدراڵ لەم پرۆسەیەدا هاوکار و پشتیوان بن، وتیشى: زۆر گرنگە هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەپێش چاوبێت کە دوای ئەو نەهامەتیانەی لە مێژوودا بەسەر گەلانی عیراقدا هاتووە، بزانین کە شاڕێی بنیادنانی خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی بریتییە لە داڕشتنەوەی سیستمێکی پەروەردەیی مۆدێرن و پێشکەوتوو.

کۆنگرەو پێشانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خوێندن و تەکنۆلۆجیا و خوێندکاران و قوتابیان بۆ ماوەى چوار ڕۆژ لە هۆڵى پێشانگه‌ى نێودەوڵەتى هەولێر بەردەوام دەبێت و کەتیایدا چەندین پانێڵ و دیبەیت و گفتوگۆى کراوەى زانستى لەلایەن پسپۆران و ئەکادیمیستان پێشکەشدەکرێت.

 





ئەم هەواڵە 3340جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad