English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوو كاراكتەر وسەركردەی رۆژە سەختەكان بۆ كوردستانێكی بەهێزوگەشەكردووە..
2019-09-08 [03:40 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


ئەگەر هەڵوەستەیەكی وردبینانە لە سەر رەوش و پێگەی كوردستان بكەین دەبینن كە ،لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی دەبینین پێگەی هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخە و پاڵپشتیی لێ دەكرێت، هاتنی شاندی بەرزی وڵاتانی زلهێز و جیهانی ئەوەمان پێ دەڵێت، كە پێگەی هەرێمی كوردستان گرنگە، هەروەها لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و دەوڵەمەندیی خاكەكەی بەو سامانە سروشتییەوە، بەتایبەت نەوت و گاز وای كردووە ببێتە سەرچاوەی گرنگی جیۆسیاسی_ئابووریی ناوچەكە. دەبێ ڕۆڵی ڕێزدار، جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی بەرز بنرخێنین، كە لە ماوەی ڕابردوودا بەهەوڵ و كۆششەكانی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان توانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكان بە ئاستێكی بەرز بگەیەنێت و بەهێزی بكات، بەرهەمی ئەو هەوڵ و ماندووبوونەش ئەوەیە كە ئەمڕۆ دەبینین وڵاتانی جیهان بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم پێگەیەی هەرێم و ڕۆژانە باڵوێزخانەی وڵاتان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە و لەزیادبووندایە، لەسەر ئاستی ناوخۆش دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم زۆر گرنگە و جێگەی ئومێدە و چاوەڕوانی كاری گرنگ و گەورەی لێ دەكرێت. 
كارو پڕۆژەكانی هەرلەیەكەم كابینەوە تا ئێستاشی لەگەڵبێ گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن كە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆك وەزیر توانیویەتی ڕۆلی كاریگەری هەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بەرەوپێش بردنی هەرئەوەش بوو كە نازناوی ئەندازیاری ئاوەدانی پێ درا.
بۆیە زۆرترین پڕۆژەی خزمەت گوزاری كە لەكوردستان ئەنجام درابێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی نێچیرڤان بارزانی لەكابینە جیاجیاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كارو كردەوەكانی سەلمێنەری ئەوڕاستیەن و بەشاهێدی هەموو ئەوانەی كەلەگەڵیا كاریان كردووە و بەشاهێدی خەڵكی كوردستانیش .
نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆك وەزیر خاوەنی ژمارەیەك دەستپێشخەری ستراتیژی بووه كە ئامانج لێیان باشتركردنی ئاستی بژێوی و كۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووریە لە هەرێمی كورستان. لە نێوانیاندا، گرتنە دەستی سیاسەتێكیی پتەوی سامانە سروشتیەكان، پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێكهێنانی ئابووریەكی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی دەرەكی، بەرگریكردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەت و باڵا، ئاوەدانكردنەوەی تەواوی ژێرخانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی تۆڕی كارەبا، بەرێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، نیشتەجێبوون و تۆڕی ڕێگاوبان وە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیاری سەرەكی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و نازناوێكە بۆ ئاوەدانی لەكوردستان. بۆیە ئەگەر ئاوەرێك بۆ بیست ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێم بكەین كە زیاتر سەرۆكایەتی ڕاستەخۆی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی كردووە، ئەوا كۆمەڵێك دەرئەنجامی سەرنجڕاكێش بەرچاو دەكەون، كە نیشانەی كارێزمایی و دەوڵەتمەداری بەرێزیانە. لەرۆیی كەرتی تەندروستی كە پێداویستی هەموو تاكێكی كۆمەلگایە لەسەرەتایی سالەكانی 90 ئەم كەرتە زۆر خراپ بوو تەنها لە چەند شارێكی كوردستان نەخۆشخانە هەبوو،ئەویش وەكو پێویست نەبوو بەلام دوای دەست بەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی كەرتی تەندورستی پێشكەوتنێكی زۆر باشی بەخۆیەوە بینی و بودجەی تایبەت بۆ ئەم كەرته تەرخان كرا و لە هەموو شارو شارۆچكەكان نەخۆشخانە و بنكەی تەندورستی دروست بوو. لە كەرتی پەروەردەو خوێندنی بالا كە بناغەی پێشكەوتنی هەر وەلاتێكە نێچیرڤان بارزانی گرنگی زۆری بەم كەرته داو چەندین زانكۆ و پەیمانگە لەسەردەمی ئەو كرایەوە و بەسەدان مامۆستا دامەزراندن و كەرتی پەروەردەو خوێندنی بالا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی . كارێكی تر كە زۆر گرنگ بوو ئەویش ئازادی رادەربرین بوون كە لەسەردەمی رژێمی پێشوو زۆر بەرتەسك كرابووە بەلام لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی رۆژنامەنوسان و رەخنە گران بە ئاشكرا رەخنەیان لە حكومەت و كاربەدەستانی هەرێم دەگرێت بە ئازادانە. كەم كردنەوەی رێژەی هەژاری و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان نێچیرڤان بارزانی توانی بەسەدان پڕۆژەو خزمەتگوزاری پێشكەش بەهاولاتیانی هەرێمی كوردستان بكات و رێژەی بێكاری كەم بكاتەوە .
كارێكی تری گرنگی نێچیرڤان بارزانی پێكەوە ژیان و یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بوو كە هەرێمی كوردستان فرە ئایین و پارت و لایەنی سیاسییە، نێچیرڤان بارزانی ئەو پێكەوە ژیان و یەكڕیزییەی سەرەتا لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانی كابینە یەك لە دوای یەكەكان دەستپێكردو دواتر بەرەو خوارەوە شۆڕیكردەوەو كاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەناو تەواوی كۆمەڵگەو شاروشارۆچكەكان دروستكرد، بەبێ جیاوازی ئاین و نەتەوە كاری دەكرد. هەر لەدرێژەی كارەكانی گرنگی دان بوون بە مافی ئافرەت كە لەسەدەمی پێشوی رژێمی بەعسدا، كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی داخراو بوو، بەجۆرێك هەندێك دابونەریتی كۆمەڵایەتی دواكەوتوویی بەسەریدا زاڵبوو، هەروەها پرسی ئافرەتان یەكێك بوو لەپرسە هەرە گەرمەكانی رۆژ كە بێبەشبوون لەكەمترین مافە سەرەتاییەكانی ژیان، بەڵام بڕیارو كارەكانی نێچیرڤان بارزانی توانی كۆمەڵگەی كوردی لە كۆمەڵگەیەكی داخراوی دواكەوتوو بەرەو كۆمەڵگەیەكی تارادەیەك مۆدێرن بگۆڕێ كە ئەویش بە ماندوبوونێكی زۆر هاتەدی. كارێكی تری گرنگی نێچیرڤان بارزانی خزمەتگوزاری ئاو، كارەباو یەكەی نیشتەجێبوون بوو. بەتایبەت ڕێكخستنەوەی سەرلەنوێی ناوماڵی كوردستان لە هەموو ئاستەكاندا. ئێستا دەبینن كە هەڕەشەو بەربەستەكان تێكشكێنران بە خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خوێنی شەهیدە سەربڵندەكانمان و خەباتكارانی سەركردایەتیی سیاسی كورد خۆشبەختانە كوردستان بەرەو بنیاتنانەوە و ڕێكخستنەوە و چارەسەری كێشە و گرفتەكان هەنگاو دەنێت. پێوستە بە یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكان و گەلەكەمان هەنگاو بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی گەورە بنێین.كەسایەتیی رێزدار نێچیرڤان بارزانی و ئەزموونی سیاسی و ئیداریی چەندین ساڵەی وا دەكات كە پەیوەندییەكان لە هەردوو ئاستەكەدا بەرەوپێش بچن. جیا لەمانەش، لە ناوەندەكانی نێودەوڵەتی و ناوچەكەشدا پێگەی بەهێزی هەیە و بە كەسایەتییەكی دیپلۆماتكاری بەتوانا دەژمێرێت، ئەگەر سەرنج بدەین لە كاتی دەستبەكاربوونی بەڕێزیان لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا لە زۆربەی ناوەندەكانی سیاسی وڵاتانی زلهێز و نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمیدا بەبایەخەوە لە میدیا و ڕاگەیاندنەكانەوە پێشوازیی لێ كرا و ئومێدی زۆرمان پێیەتی و سەركەوتوو دەبێت لەم ئەركە گرنگ و مێژووییەدا.

 

لەلایەكی دیكەوە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێەمی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسروور بارزانیی ، قۆناغێكی نوێی لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش چووە بواری جێبەجێكردنەوە ، چونكە لە ماوەی رابردوو ، هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك قەیران و بەربەستی یەك لە دوای یەك گوزەری كرد و ئەمەو جگە لەوەی كەسانێكی زۆر بە قۆستنەوەی ئەو كەشوهەوا ناڵەبارەی هەڵپەرستانە و خۆیستانە زیانی زۆریان بە موڵك و ماڵی كوردستانیان گەیاند و هەروەها بە هۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە ، كابینەی هەشتەمی حكومەتی كوردستان نەیتوانیی پلان و بەرنامەكانی ئاوەدانی و گەشەسەندن جێبەجێ بكات . سیاسەت و ستراتیژی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی حوكمڕانی، ئاشكرایە كە گەندەڵیی سیاسی لە هەموو دەوڵەتێكدا سەرچاوەی سەرەكییە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی، لەناو ژینگەی ناسەقامگیری سیاسیشدا، توانای كاری پێكەوەی وەك یەك تیم دابەش دەبێت و دژایەتی و ئاستەنگ دروستكردن لە پرۆسەی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەتدا بەدەر دەكەوێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە پرۆسەیەكی سیاسیی سەقامگیریدا، توانا جیاوازەكان لە دەوری یەك ئیرادە كۆدەبنەوە، كە ئەویش ئیرادەی حوكمڕانییە، لەم حاڵەتەدا كێشە و ئاستەنگەكان چەند زۆر و قورسیش بن، بەڵام لە بەردەم ئەو ئیرادەیە خۆی ناگرێت كە دڵسۆزی بۆ پیادەكردنی حوكمڕانییەكی باش هەموو لایەنە جیاوازەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە.رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو ژینگە سیاسییە تازەیەی لە كوردستان هاتۆتەئاراوە لە وتارەكەیدا كە رۆژی 18ی تەمموزی 2019 لە واشنتۆن پۆست بڵاوكراوەتەوە، زۆر بە ئومێدەوە هەنگاو هەڵگرتنەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەكەی ئاماژە پێ كردووەو، پشتئەستوریی خۆی لە سەركەوتنی لە شەڕی دژی گەندەڵی راگەیاندووە، ئەم پەیامە ئەوەمان پێ دەڵێت كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆی بەرنامەی حكومەتەكەی وەك یەك پاكێج سەیردەكات و هەوڵی هەمەلایەنە دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هەموو سێكتەرەكان پێكەوە رێكبخاتەوە، ئەم پێكەوە گرێدانەوەیە كە لە رووی تیۆرییەوە لەوانەیە هەندێك بە قورس ئاڵۆز سەیر بكرێت، بەڵام ئەگەر كابینەی حكومەت هەموو پێكەوە وەك یەك تیم بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كاربكەن، ئەوا ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەنێوان سێكتەرە جیاوازەكان دروست دەبێت، خۆی لە خۆیدا دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەركەوتنی كۆی بەرنامەكە وەك پاكێجێك لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا.

ھەروەها  رێزدار مەسروور بارزانی كەسایەتییەكی كاریگەر و بەتوانایە و ئەزموونێكی باشی سیاسی و ئیداری و ئەمنیی هەیە لە ئەركەكانی ڕابردوویدا سەركەوتوو بووە و لە كاركردندا كەسایەتیەكی جددییە. پاشان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كە بەشداری لەكابینەكەدا كردووە پێشتر لەسەر بەرنامەی كاری حكوومەت ڕێك كەوتوون، ئەمەش زۆر گرنگە، لەوانیش گرنگتر، ڕێككەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەكانی بەشداربووی حكوومەتدا واژۆ كراوە، كە پێكەوە كار بۆ سەرخستنی كارنامەكەی حكوومەت بكەن و دروشمی كابینەكەش بەهێزكردنی پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بە واتای حكوومەتێكی بەهێز و دامەزراوەیی و خزمەتگوزار، ئەمەش هۆكارەێكی سەرٍەكی و گرنگ دەبێ‌ بۆ پێشكەوتن و سەركەوتنی بەرنامە و پلانی ستراتیژی كوردستانێكی بەهێز ..





ئەم هەواڵە 220جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
چەند بیرۆکەیەک بۆ ڕزگاربوون لە گەرمای ھاوین
بەدڵنایی دوو جار سەیری دەکەیەوە ، منداڵێکی زۆر قشە
چەند دیمەنێکی لافاوی شاری شیراز لە ئێران
لە رووداوێکی ھاتووچۆ ئۆتۆمبێلێک دەفڕێت
منداڵێک لە ناو ئۆتۆمبێلی دایکی دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad