English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشێكی گشتگیر بۆ بەرگریكردن لەناسنامەی نەتەوایەتی ..
2019-09-12 [05:35 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لەو سەردەم و ڕۆژگارانەی خۆی داڕووداوێكی زۆر گەورە بوو كە لە گەل بوونی ئەو هەموو دوژمنانی كوردستان و ئەو هەموو پیلانگێڕانی نێوان دەولەتان و ئەو هەموو هێز و جبەخانەی داگیركەرانی كوردستان و یەكگرتنیان دژ بە كوردو كوردستان بۆ لێدانی بزوتنەوەی ئازدیخوازی كورد و لە سەردەمی كارەسات و شكەست پێدان و لە پشتەوەڕا جەنجەر لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دان دا ئەو شۆڕشەی كە تەنگی بە دوژمنان هەڵچنی بوو بە سەر كردایەتی بارزانی نەمر بەرەو سەركەوتن دەڕۆیشت، لەو دەمەدا ئەو پیلانەیان دژ بە كوردستان ‌گێڕا و ئەو زوڵمەیان لە گەلی كورد كرد،بەڵام شۆڕشی گولان كە گڕی بلێسەی هەلگیرسایەوە بە دوژمنانی گوت خەیاڵتان خاوە كورد قەت نامرێت،شۆرشی ئەیلوول بووە دایكی شۆڕشەكانی كورد چونكە ئەو شۆڕشە خەباتی كوردی بردە قۆناغێكی نوێوە تێكۆشانی گەلی كوردستانی لە قۆناغی سیاسییەوە بردە قۆناغی چەكداری و پێشمەرگایەتی، هۆشیاری نەتەوایەتی و ئاگایی سیاسی مرۆڤی كوردستنی بوژانەوە، دۆزی رەوای كوردستانی بردە دەرەوەی چوارچێوەی عێراق و، هزری نەتەوایەتی و كوردایەتی و دیموكراتخوازی لەناوتوێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بلاوكردەوەو قسەی كوردی یەكخست، شۆڕشی ئەیلول لە قۆناغێكدا بەرپابوو كە ململانێی شەڕی سارد لە لوتكەیدا بوو ئەوەش شۆڕشی دووچاری دابڕانێكی نێودەوڵەتی كرد،بەلام حیكمەتی سەركردایەتی بارزانی نەمر توانی بەسەر هەمووگرفت و گەلەكۆمەكییەكاندا زاڵ بێت و، شۆڕش بباتە قۆناغ و ئاستی پێشڤەچووەوەو، دەسكەوتی مەزن بەدەست بهێنێت،ئەیلوول بووە سەنگەری هەموو تێكۆشەرانی كوردستان بە كوردو توركمان ومەسیحییەكانەوەو تەنانەت بەو تێكۆشەرانەی عەرەبیشەوە كە هانایان بۆ ناوچەكانی شۆڕش بردووە، هەمووكات دوژمن لە كاتی شكست داوای دانوووستانی دەكرد ، شۆرٍشیش بە ڕٍابەرٍایەتی بارزانیی نەمر دەرفەتی ئاشتی پشت گوێ‌ نەكردووە ، ئەگەر چە بەغدا لە كاتی لاوازیش دوای دانووستانی كردبێت ، ئەنجامی ئەو دانووستاندانەش بریتی بوو لە رێككەوتننامەی 26ی حوزەیرانی 1966 و رێككەوتننامەی ئاداری 1970 بەڵی دەتوانین بڵێین شۆرٍشی ئەیلوول مەزن بوو ، گۆرانكاری چەندان بواری رٍۆشنبیری گرتەوە ، بۆ هەنگاونان بەرەو هوشیاربوون لە شۆرٍش بۆ گەیشتن بە مافی رٍەوای كورد سوودی هەبوو ، كەواتە بە گشتی شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەی كوردایەتی بوو، بۆ راستی زۆربەی سەركردە و بەرپرسانی ئەمرٍۆ لەبواری سیاسی ، سەربازی ،ئیداری حكومی ، قوتابی قوتابخانەی شۆرٍِشی ئەیلوولن ، راستی لە سەردەمی شۆرٍشی ئەیلوول گۆرٍانكاری بەسوود بۆ كوردستان بەدیهات ، بۆ گۆرانكارییەكانی دەتوانین بڵێین سەردەمی زێرین بوو ، چونكە ئاستی هەندێ گۆرانكاری ئەو كات تا ئێستا بەردەوامی هەیە ، لەوانە هەستی نەتەوەیی و رۆشنبیری بە سەرجەم بوارەكان . لەگەڵ ئەو هەمو زوڵم و زۆرییەی لە دژی شۆڕشی كوردو ناوچە ئازاد كراوەكانی شۆڕش لەلایەن حكوومەتی ناوەندییەوە بەكارهات، بەلام سەركردایەتی شۆڕش لەو یاساو رێكەوتنامە نێودەوڵەتییانە لاینەدا و هیچ رۆژێك پەنای بۆ كردەوەی تیرۆریستی نەبرد، شۆرشی ئەیلوول بنچینەیەكی پتەوی بۆ خەباتی ئایندەی بزافی رزگاریخوازی كوردستان داڕشت، شۆرشی ئەیلول لە ئاداری 1970 دا دەسەلاتێكی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان بەدەست هێنا. ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بە دروشمە بەرزەكەی ئەیلوول و بە وشەكانی نێو سروودی ئەی رەقیب، ئاكامەكەی ئەوەیە كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بۆتە ئەمری واقیع، بۆتە هۆكاری ئەوەی هەموو جیهان گوێ لەو قسانە بگرن كە لە سەر زاری سەرۆكی كوردستانەوە گوێیان لێدەبێت، ئەو قسانەش ئەوەن "كوردستان یان نەمان، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئەی رەقیب واتە پیشاندانی ئیرادەی خێری كوردستانییەكان كە تاجی دەوڵەتی كوردستان بە خوێن دەنەخشێنن".خەباتی سەردەمی شۆرشی مەزنی ئەیلول قورس بوو، دونیا دوو جەمسەر بوو، دوو زلهێزی ئەمەریكا و سۆڤیەت. لەگەڵ هەر لایەك دۆستایەتیت هەبوایە لایەكەی تر بەگومانەوە تەماشای تۆی دەكرد، رێگاوبان ناهەموار و سەخت بوون، ئەوەی ئەمڕۆ ناوی لێدەنرێت تەكنۆلۆژیای راگەیاندن (جگە لەتەلەفزیۆن و رادیۆ لەدایك نەببوو، رێژەی نەخوێندەواری زۆر بەرز بوو، رەوشی جیۆپۆلیتیكی كوردستان كارئاسانی نەدەكرد. دەستپێكردنی شۆڕشێكی گەورەی وەك شۆڕشی ئەیلول كارێكی هێجگار گەورەبوو ئەگەر نەڵێم ئەستەم بو، لەگەل ئەوەشدا تێكەڵكردنی كاری حزبی و لەشكری و ڕێبەرایەتیەكی حەكیمانەی جێی باوەڕ كە متمانەی بەخۆی و میللەتەكەی هەبوو زۆری نەخایاند كە شۆرش لەخانەقینەوە تا زاخۆ بووە راستیەكی حاشا هەڵنەگرو میللەتی كورد خرۆشا و ئامادەی گیانبازی بوو، بەشێوەیەك هەموو فیداكاریەكی بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانی.بارزانی نەمر دوای ئەو هەموو ئەزموونە روئیای ئاشكرابوو، ستراتیژەكانی كاركردنی دیار بوون، فیداكاری میللەتیشی لەپێش چاوبوو لەگەل هەموو ئەو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەكیانەی كە هەبوون ڕۆژ بەرۆژ متمانەی خەڵك بەبارزانی و بەشۆڕش بەهێزتر دەبوو.پاشخانی درەخشانی تێكۆشانی خێزانی و شارەزایی باشی بارزانی لەزانستی لەشكری و شەڕی پارتیزانی و زانستی سیاسی و شارەزایی كۆمەڵایەتی و مانەوەی لەیەكێتی سۆڤیەت، سەركردەیەكی بلیمەتی لێ دروست كردبوو كە خاوەن كاریزمایەكی رێبەرایەتی یەكجار بەهێزو گەورە بێت و هەیبەتی تایبەتی خۆی بوو. گشت ئەم فاكتەرانە پێكەوە هاوكار بوون لەوەی كە شۆڕشی ئەیلول ببێتە شۆڕشێكی گشتگیر بۆ بەرگریكردن لەناسنامەی نەتەوایەتی خەڵكی كوردستان.ئێستا كە كاتی ئەوەیە هەموومان لە ژێر دروشمی كوردستان، یان نەمان و سروودی ئەی رەقیب، هەنگاوبۆ ئایندە هەڵبگرین، زۆر باشە خۆمان لە ملكەچی بۆ هەموو ئیرادەیەكی دەرەكی بهێنینە دەرێ و بەهەموو لایەك بڵێین: نەخێر كورد و كوردستانییەكان چیتر بێ دەوڵەت نابن و كوردستانییەكان تەنیا ملكەچی یەك ئیرادە دەبن، ئەویش ئیرادەی خێری خۆیانە و نوێنەری ئەو ئیرادە خێرەش سەرۆك مسعود بارزانی-یە. ئەمەش بە هەنگاوێكی گەورە و ستراتیژی بوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەگەورەكە.





ئەم هەواڵە 1639جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad