ZNA- ههولێر بڕیارە نیوەڕۆی ئەمرۆ یەکشەممە١٥ی٩ی٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمار بکات و پارێزەری ڕاسپێردراویش لە بەغدایە.
جوان یوونس، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ سەردار ھەرکی پارێزەر دەچێتە بەغدا و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمار دەکات".
گوتیشی: "یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دژی پێکھاتەکانە و لیژنەکەمان ئەو سکاڵایە تۆمار دەکات بۆ ئەوەی یاساکە ھەموار بکرێتەوە، چونکە ئەگەر بەو یاسایە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەنگی کەم دەکات، چونکە یاساکە رێگە نادات ئاوارەکان لە دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیان دەنگ بدەن.".
لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان داوا دەکەن یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەموار بکرێتەوە بڕیارە مانگی چواری ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت.
ئەم هەواڵە 2830جار خوێندراوەتەوە |