|
Z.N.A کۆبوونەوەی دەستەی سەرژمێری گشتی عێراق بە ئامادەبوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و بڕیاردرا سەرژمێرییەکە لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێکارە تەکنیکیەکان کۆبووینەوە، تاکو بتوانین لە وادەی دیاریکراو سەرژمێری ئەنجام بدەین کە لە مانگی 10ی ساڵی 2020 دەبێت و تێبینی هەموو پێکهاتەکان بەهەند وەردەگرین و رەچاوی مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەین.
ئەندامێكی شاندی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: ئەمە کۆبوونەوەی دووەمی دەستەی سەرژمێری گشتییە و کۆبوونەوەی یەکەم چوار مانگ لەمەوبەر ئەنجام درا و بەشێوەیەکی گشتی باس لە پرۆژەکە کراوە، بابەتی بودجە و وەبەرهێنان لە پڕۆژەکە تاوتوێ کرا. هەروەها لۆگۆیەک دروست دەكرێت بۆ سەرژمێرییەکە کە رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و زمانی کوردی تێدا بێت و پرۆسەکە بە کاغەز ناکرێت و ئەمجارە بە ئەلیکترۆنی دەبێت
ساڵی 1997 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدراوە کە ناوی 19 ملیۆن کەس بەبێ هەرێمی کوردستان لەم سەرژمێریە تۆمار کران، لە ساڵانی 2007 و 2010، هەوڵی سەرژمێری لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەکە شکستی هێنا.
ئەم هەواڵە 3043جار خوێندراوەتەوە |