Z.N.A بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شەوی رابردوو (15-9-2019) عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە کراوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەکان و هێرش بۆ سەر سعودیە کردووە لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا باسیان لە دیداری چاوەڕوانکراوی بەرپرسانی هەردوو وڵات کردووە، هەروەها باسیان لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سعودیە کردووە و هەردوولا هەڵوێسی خۆیان لەبارەی ئەو قەیرانە دەربڕیوە، هاوڕاشبوون لەسەر گۆڕینەوەی زانیارییەکانیان.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە كە ئەرکی عێراق پاراستنی ئەمن و ئاسایشییەتی و دوورکەوتنەوەیە لە هەر هەڵچوونێک و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی لەدژی وڵاتانی دراوسێ، یان دەستەخوشک یان هاوڕێی. عێراق هەوڵدەدات رۆڵێکی ئەرێنی ببینێت لە نەهێشتنی قەیرانەکان و ململمانێکانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە عێراق و ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەو زانیارییانەی لەلایانە، بەیاننامەی حکومەتی عێراق پشتڕاست دەکەنەوە: خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سعودیە بەکارنەهاتووە.
بە ئامانجکردنی دوو دامەزراوەی کۆمپانیای نەوتی سعودیە (ئارامکۆ) بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە نزیكەی 10 دۆلار و ئەمریکا دەڵێت، دەزانین کێ ئەو هێرشەی ئەنجامداوە و چاوەڕێی سعودیەین، ئێران و عێراقیش رەتیانکردووەتەوە دەستیان لە هێرشەکاندا هەبووبێت و حوسییەکانی یەمەن دەڵێن ئێمە بووین.
ئەم هەواڵە 6106جار خوێندراوەتەوە |