ZNA- ههولێر وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە داھاتوودا گۆڕانكاری لە چەندین پۆستی دیكەی ئیداری دەكەن و جەختیشی كردەوە، كە لە ھەر شوێنێك پێویست بێت گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان دەكەن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگاری ھەولێر لە چوارچێوەی كارنامەی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتە و بۆ بەرەوپێشبردنی كاری ئیدارییە لە ھەرێمی كوردستان، ئەم ئاڵۆگۆڕیانەش لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و لە ھەموو شوێنێك گۆڕانكاری دەست پێدەكات نەك ھەر لە پۆستی پارێزگار لە پۆستەكانی دیكەش گۆڕانكاری دەكرێت، لە ھەر شوێنێك پێویست بێت گۆڕانكاری دەكرێت".
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا: "بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق بە یاوەری شاندێك بگاتە ھەولێر و لەسەر ئاستی باڵای ھەرێمی كوردستان پێشوازی لێدەكرێت و لەگەڵ سەرۆكی ھەرێم و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆدەبێتەوە و سەردانی سەرۆك بارزانی دەكات".
لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ رێككەوتن لەسەر كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوانیان رێبەر ئەحمەد گوتی: "ھەنگاوی باشمان بڕیووە و لێكتێگەیشتنی باش لەنێوانماندا ھەیە، بەتایبەتی لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەو شاندەی لەسەر خەتن، ھەروەھا پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق ھەیە، ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەواڵی خۆش ببیستین".
سەبارەت بە سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: "بڕیاربوو تیمێكی تەكنیكی دارایی ھەرێم سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ حكوومەتی عێراق تاوتوێی بودجەی ساڵی 2020 بكەن، بەڵام بەھۆی گەشتی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی شاندەكە دواخرا".
ئەم هەواڵە 2710جار خوێندراوەتەوە |