English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عادل عەبدولمەهدی و ژمارەیەکی زۆر وەزیر دەچنە چین
2019-09-19 [12:18 PM]

ZNA-هه‌ولێر


عێراق بە گەورەترین شاند، کە پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆر وەزیر، سەرجەم پارێزگارەکانی عێراق و بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچنە چین بۆ واژۆکردنی کۆمەڵێک رێککەوتن لە چەندین بواری جیاوازدا.

عادل عەبدولمەهدی، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانی شاندەکە بۆ چین دەڵێ "دەمانەوێت ببێتە هەنگاوێکی جۆری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. لە شاندەکەدا ژمارەیەکی زۆر بەرپرس هەن کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵا و پارێزگارەنی عێراق (جگە لە پارێزگاری هەڵەبجە)، ئەمەش نەوەک تەنیا لەبەر گرنگیی چین بۆ عێراق و پێگە جیهانییەکەی، بەڵکو لەبەرئەوەی عێراق ماوەیەکە کاردەکات بۆ پێشخستنی پەیوەندیی ستراتیژیی لەگەڵ کۆماری چین، کە بە توانا ئابووری و تەکنیکییەکانی ناسراوە".

چین لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە یەکەمی جیهانە، لەڕووی ئابووریشەوە خاوەنی دووەم ئابوورییە لە جیهان و پێشبینی دەکرێت لەماوەی چەند دەیەیەی داهاتوودا ببێتە یەکەم. چین هەروەها یەکێکە لەو وڵاتانەی لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا توانیویەتی بەسەر "هەژاری و دووبەرەکیدا سەربکەوێت".

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا کە نووسینگە رۆژنامەڤانییەکەی بڵاوی کردووەتەوە هەروەها دەڵێ "ئەمڕۆ هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان پەرەپێبدەین لەپێناو هاوبەشیێکی ستراتیژی بۆ هەڵسانەوەی عێراق و بنیاتنانەوەی ژێرخان و ئابووری و کۆمەڵگەکە".

عێراق لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا پەرەپێداوە، عادل عەبدولمەهدی دەڵێ "هێشتاش دەمانەوێت پەرە بەو پەیوەندییانە بدەین لەگەڵ رۆژئاوا، هەروەها هەوڵیشدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا قووڵبکەینەوە، ئەمەش بەپێی پەیوەندیی مێژوویی هەزاران ساڵەمان و تاقیکردنەوەی هاوشێوەمان بۆ سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تاقیکردنەوەکانی ئەوان".

بەهۆی ئەوەی هیندستان لەنێوان عێراق و چینە، شاندە باڵاکەی عێراق لە نیودەلهی لایانداوە، لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە "بۆ ماوەیەکی کورت لە نیودەلهی وەستاین و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هیندستان لەپێناو چالاککردنەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و هیند، کە لە 2013ـەوە کۆنەبوونەتەوە، گفتوگۆمان کرد و کۆکبووین لەسەر گرنگیی سەردانی هەردوولا، چونکە نەوتی عێراق پێگەیەکی گرنگی هەیە لە هاوردەکردنی بۆ هیندستان و پەیوەندییەکی بازرگانی، سیاسی و کولتووریی لەمژینەشمان لەگەڵ هیندستاندا هەیە".

بەرنامەکەی شاندە باڵاکەی عێراق، تایبەتە بە بوارەکانی: کشتوکاڵ، پیشەسازی، چەک، خوێندن، تەندروستی، وزە، پەیوەندییەکان، گواستنەوە و ئاو و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە ژێرخانە بنچینەییەکانەوە هەیە بۆ عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەڵێ "لەپێناو هێنانەدی هەموو ئەو ئامانجانە، بەو شاندە گەورەی جێبەجێکاری هاتووین بۆ لێکۆڵینەوە و پێشخستنی پەیوەندییەکان، هەروەها داڕشتنی پلان، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر رێککەوتن واژۆبکەین، کە دەتوانن ببنە هۆی هێنانەدی گۆڕانکاریی گەورە لە ئابووری و ژێرخان و چالاکییە جیاوازەکانمان".





ئەم هەواڵە 2497جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad