ZNA-هەولێر
كچێكی 14 ساڵان ماوەی شەش رۆژە لەنێو نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی هەولێر ون بووە. كەسوكارەكەی دەڵێن لە كامێراكانی چاودێری دەرنەكەوتووە كچەكەیان لە نەخۆشخانەكە هاتبێتە دەرەوە. گومان دەكەن لەلایەن چەند كەسێكەوە رفێنرابێ كە پێشتر كێشەیان لەگەڵیان هەبووە.
رۆژی 19/9/2019 كچێكی 14 ساڵ بەناوی دونیا كەمال مەغدید، لەگەڵ دایكە سكپڕەكەی دەچێتە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە هەولێر، دوای ئەوەی دەچێتە نێو نەخۆشخانەكە، لە ژوورەوە ون دەبێ. سامی مەغدید، مامی دونیا رایگەیاند: "دونیا لەگەڵ دایكی و منداڵێكی 10 ساڵان دەچنە نەخۆشخانەكە، بەڵام لە سەعات 12:58ـی نیوەڕۆ لەنێو نەخۆشخانەكە دیارنامێنێ".
بەگوتەی مامی كچەكە، دونیا لە نەخۆشخانەكە نەچووەتە دەرەوە "دوای 13 خولەك لە دیارنەمانی كچەكە، چووینە نەخۆشخانەكە و تەماشای كامێراكانی نەخۆشخانەكەمان كرد، لە كامێراكان دەردەكەوێت كە كچەكە لەنێو نەخۆشخانەكە ون دەبێ و ناشچێتە دەرەوەی نەخۆشخانە. هەموو نەخۆشخانەكە گەڕاین بەڵام نەدۆزرایەوە، لەنێو نەخۆشخانەكە 12 ژووری داخراو هەبوون، گوتمان دەرگاكان بكەنەوە، بەڵام گوتیان ژووری پزیشكەكانە و رۆیشتوونەتەوە و نایكەینەوە".
لەبارەی ونبوونی كچەكە لەنێو نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی هەولێر، كەیفی خەلیل، بەرپرسی هۆبەی یاسایی لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون رایگەیاند: "راستە ئەو كچە لەنێو نەخۆشخانەكەی ئێمە دیارنەماوە، نازانین چی بەسەر هاتووە. نازانین لەنێو نەخۆشخانەكە چووەتە دەرەوە یان نا".
دوای سێ رۆژ، دونیا پەیوەندی بە براكەیەوە كردووە و داوای باوكی كردووە، بەڵام دواتر مۆبایلەكەی داخستووە. ئەركان كەمال، برای دونیا رایگەیاند: "رۆژی 21/9/2019 دونیا بە ژمارەیەك پەیوەندی پێوەكردم و گوتی باوكم لەكوێیە دەبێت قسەی لەگەڵ بكەم، بەڵام تەلەفۆنەكە داخرایەوە. چاودێریی ژمارەكەشمان كرد، لەنێو هەولێر كراوە و زوو زووش شوێنی دەگۆڕێت".
بەگوتەی مامی كچەكە، ماوەی چوار مانگە لەلایەن چەند كەسێكەوە هەڕەشەیان لێدەكرێت: "چوار مانگ لەمەوبەر چەند كەسێك كە ئێمە نەماندەناسین و چەكدار و پاسەوانی بەرپرسێكن، هاتنە ماڵمان و گوتیان براكەت لە توركیایە و 10 هەزار دۆلارمان قەرزدارە. داوای بەڵگەمان لێكردن، هیچ بەڵگەیەكیان نەبوو، گوتمان سوێند بخۆن، سوێندیشیان نەخوارد و رۆیشتن، زانیمان دەیانەوێت سەرانەمان لێوەربگرن".
سامی مەغدید گوتیشی: "پێمانوایە دونیا لەلایەن ئەو كەسانەوە رفێنراوە كە پێشتر هاتنە سەرمان. ئەوان چوار مانگ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلی برازاكەمیان دزی و تەقەشیان لێكرد، بەڵام لە بازگەی شاوێس دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گیرا و رادەستی ئێمەیان كردەوە. دوو مانگ لەمەوبەر چوونەتە سەر ماڵی براكەم و دونیا بەتەنیا لە ماڵەوە بووە، هەڕەشەی دەستدرێژی و كوشتنیان لێكردووە، بۆیە سكاڵامان تۆمار كرد. دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سێ كەس دەركرد، بەڵام تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراون".
مامی دونیا داوا دەكات بە هانایانەوە بچن و دەڵێت: "ترسمان هەیە كچەكە بكوژن یان دەستدرێژی بكەنە سەر".
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: "زۆرجار خەڵك ون دەبێت و دواتر دەدۆزرێتەوە، بۆیە مەرج نییە كەسەكە رفێنرابێت، بۆ ئەم كەیسەش ئێستا ئەوان سكاڵایان تۆمار كردووە و بە بڕیاری دادوەر بەدواداچوون بۆ كامێراكانی چاودێریی نەخۆشخانەكە و دۆسیەكەش دەكەین".
رووداو

ئەم هەواڵە 3280جار خوێندراوەتەوە |