English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
25/9/2017 مێژووییەكی پر سەروەری و سەركەوتووتنی گەورەی گه‌لی كورد ..
2019-09-25 [10:30 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


ڕۆژی ٢٥ی "ئەیلوول"ی ٢٠١٧، یەكێك لەو ڕۆژە مێژووییانەی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردە كە دەتوانین لە ماوەی یەك سەدەی ڕابردوو و دوای ساڵی "١٩١٦" واتە كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی "سایكس-پیكۆ"، وەكو خالێكی وەرچەرخان لە مێژووی كورددا ڕەچاو و ناوزەدی بكەین. لە یەكەم ڕوانیندا ئەو ڕووداوە لانیكەم لە سێ ڕەهەندەوە گرنگیی تایبەتی خۆی ئەوەیە بەهەر شێوە هەنگاوێكی مەزن بوو بۆ بەدیهاتنی ئاوات و خەونی لە مێژێنەی نەتەوەیەكی زوڵملێكراو و بندەست كە لەم ڕێگاوە هەم دەنگی ڕەوای خۆی بە گوێی جیهان بگەێنێت و هەم هەنگاوێكی مەزن بەرەو سەربەخۆیی و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی و بە دەستی خۆی هەڵبهێنێت. ئەوەیكە پرۆسەی ڕێفراندۆم سەلماندی هێچ هێزێك بە قەد یەكگرتوویی و یەكدەنگیی جەماوەر كاریگەر نیە و ناتوانێت لەناو‌ هاوكێشەكاندا رۆڵی تەواوكەری هەبێت. بێگومان ڕۆڵی زلهێزەكان و هێزە ناوچەیی و هەرێمیەكان شاراوە نین، بەڵام بەوەشەوە پێداگری و كۆدەنگیی گەلی كورد لە باشوور، ئەویش لە كاتێكدا كە تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش دژایەتیی ڕێفراندۆمی دەكرد، توانی بەسەر ئەو هەموو دژایەتیەدا سەركەوێت و بیسەلمێنێت كە ئیرادەی گەل گرنگترین فاكتەرە بۆ سەركەوتنی هەر نەتەوەیەك، ئەوەش دەتوانێت وانەیكی باش بێت بۆ هەموو كورد لە هەموو بەشەكانی دیكەی كوردستان. دیسان دەركەوت كە پرسی كورد لە ئاست جیهاندا خاوەن گرنگیەكی تایبەتە، گەلی كورد وەك نەتەوەیەك ساڵانێكە خەون و خۆزگەی ڕۆڵەكانی ئەوە بووە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ، ئازادی و سەربەخۆییش مافێكی ڕەوای هەر نەتەوەیەكە كە بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی ئاسوودە و بونیادنانی وڵاتەكەی خەباتی ڕەوای بۆ بكات. ئەگەر جاران ئەوەیان تەنیا خەونێك بووبێت، بەڵام ئێستا لەوە دەچێت، ئاماژەكان ئەوە بگەیەنن كە كورد لە هەموو كاتێك زیاتر لە بەدیهێنانی ئەو خەونە ڕەوایە نزیك بووەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەمانە و هەلومەرجی ئێستای نێودەوڵەتی و ناوچەكەش گرێ كوێرەكانی سەربەخۆبوونی كوردی بە تەواوی كردووەتەوە. گەلی كورد جگە لە خەبات و تێكۆشانی سەدەی رابردوو، لە ماوەی چارەكە سەدەی رابردوویی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان روویەكی جوان و شارستانیانەی پیشانی هەموو جیهانداوە بەوەی چەند ئاشتیخواز و ویستی ئاوەدانی و پێكەوە ژیانی هەیە و هەموو ئامانجی رابردوویی لە خەبات و تێكۆشانی رابردوو لە پێناو نەمانی جەنگ و گەڕاندنەوەی خاك و نیشتیمان زەوتكراویی بووە. سەرەڕای پیلانگێڕییە هەمیشەیی ئیقلیمیەكان لە بەرامبەر گەلی كورد، بەڵام ئێستا ناوچەكە و دۆزی كورد لە بەردەم گۆڕانێكی زۆر گەورەدایە كە ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان قورستر دەكات، لە سەرووی ئەو ئەركە قورسانەش خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی داهاتوو كە هاوتەریبە لەگەڵ داخوازی سەربەخۆیی. بە تایبەت كە گەلی كورد بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی 25/9/2017 توانی لە گەورەترین كەرنەڤاڵی دیموكراس و سەربخۆیخوازیدا دەنگی بەڵی بەرێژەی 93% لە سەدا بە دەست بێنێ‌. خەمخۆری بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم بە لایەكی تر، كە دەبێتە بناخەیەكی گرنگ بۆ پرۆسەی بەدەستهێنانی دەوڵەتی كوردی و دانانی نەخشە ڕێگەی داهاتوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و یەكگرتنی گوتاری كوردی، كە قورسایی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر سەنگینتر دەكات. سەرۆك بارزانی لە ماوەی رابردوو و ئێستاش هەوڵەكانی زۆر چڕتر كردووەتەوە بۆ قووڵكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتان و ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەش بووە بە مایەی سڕینەوەی نائومێدی بۆ تاكی كورد. دیارە شەڕی تیرۆر و تیرۆریستان و بانگەشەی ڕاستگۆیانەی كورد بۆ بنبڕكردنی تیرۆر لە جیهان، بووە مایەی ئەوەی كە هەموو وڵاتان لە دەوری كورد كۆببنەوە، بە كردەوەش بۆ بنبڕكردنی تیرۆر هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكەن. بۆیە زۆر زیاتر لە جاران و وڵاتە دەسەڵاتدارەكان بە ئاشكرا و بێ پەردە و راشكاوانەتر پشتیوانی لە مەسەلەی سەربەخۆبوونی كورد دەكەن، چونكە دەركەوت كە كورد سەرقافڵەیە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش، كە بووەتە زەنگێكی خەتەرناك لە هەموو دنیا، كوردیش ئەو شەرەفەی پێبڕاوە ئەمڕۆ سەركردایەتی ئەو هەنگاوە بكات كە لە جیاتی دنیا وەهمی داعش لە جیهاندا پووچەڵ بكاتەوە. ناكرێت نكۆڵی لەو ڕاستییە بكرێت، كە ئەمڕۆ كوردستان بووە بە سەنتەرێكی زۆر بەرچاو بۆ لەباوەشگرتنی هەزاران ئاوارە، بەبێ جیاوازی بیر و باوەڕ و ئایین، ئەمەش بووە بە مایەی ئەوەی كە هەموو دنیا بەڕێزتر لە كوردستان بڕوانن. هەروەها لە ئێستادا كوردستان مینبەرێكی زۆر بەرچاوە بۆ پیادەكردنی دیموكراسییەت، ئەمەش هەلێكی گونجاوی دەستەبەركردووە بۆ ئازادی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ. بۆیە ئەركی سەرەكیی هەموو لایەنە سیاسییەكانە پشتیوانی لە سەرۆك بارزانی بین بۆ تەواوكردنی پرۆژەی بەدەستهێنان و بەدەوڵەتبوونی كوردستان.ئەو هەموو دژایەتیە تەنیا سەلمێنەری ئەوەیە كە پێگەی "ژیۆستراتێژیك"ی كوردستان نەك تەنیا بۆ داگیركەران بەڵكوو لای زلهێزەكانیش ئەوەندە قورسە‌ كە بە هەستیاریەكی تایبەتەوە دەڕواننە كوردستان و نە دەتوانن بە ئاسانی دەستبەرداری بن و نە زۆر ئاسانیش ئامادەن كە دان بە مافەكانی كورددا بنێن لەم دۆخەدا. لێرەوە، بۆ كورد دەركەوت كە بۆ چەسپاندنی سەروەریی خۆی لەم قۆناغە و لە هەنگاوی یەكەمدا دەبێت پشت بە هێزی ناوماڵی خۆی ببەستێت و لەو ڕێگاوە بتوانێت ناوەندەكانی بڕیاردەری هەرێمی و جیهانی ناچار بكات لەبەرامبەر ئیرادەی گەلی كورد، لە هەڵویستە نەرێنیەكانیان پاشگەز ببنەوە.





ئەم هەواڵە 508جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad