English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پاراستنی شكۆ كوردستان لە رۆژە سەختەكاندا ..
2019-10-01 [02:52 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەرێمی كوردستان لە قۆناغی هەستانەوەدایە و ئامادەكاری بۆ ئەگەر و پێشهاتە جیۆسیاسییەكانی داهاتووی ناوچەكە گرنگی ژیانی هەیە. ئەمەیش تەنها بە بەهێزبوونی ناوخۆیی و دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگی هەرێمی و دەرەكی دەكرێت. ئەگەر باس لە رۆلی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین، سەرەتا دەبێت سەیری ئەو پاشخانی كە لە سەردەمی دەوڵەتمەداریدا هەیبووە بیكەین. رێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵەكانی 1996 تاوەكوو 1999 كە جێگری سەرۆك وەزیران و لە 1999 تاوەكوو 2019 بۆ پێنج خول سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە ئەستۆ بووە، لەو ساڵانەدا لە زۆر بواردا توانیویەتی ئەركەكانی خۆی بە شێویەكی شایستە بەرێوە ببات، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە نەهەموارانەی كە بەرۆكی كوردستانییان گرتبوو، بە تایبەتیش دروستكردنی تەنگەژەی ناو خۆیی لە لایەن تابوری پێنجەم بە ئاراستەكردنی دۆژمنانی ناوخۆیی و دەرەكی، توانی دەستپێشخەری گەورە لە بواری پەروەردە و تەندروستی و گۆڕانكاری لە بار و گوزەرانی خەڵكدا بكات و ئاوەدانكردنەوەیەكی گشتی هەموو شارو شارۆچكەكان تەنانەت گوندەكانیشی گرتەوە سیاسەتەكی تازەی ئابووری بنیات نا، بە شێوەیەك كە هەرێمی كوردستانی خستە سەر نەخشەی ووڵاتانی خاوەن ئابووری و ووزە.گەشانەوەی كوردستان و ئاوەدانی لە ئەولەوییەتی بەرنامەكانی نێچیرڤان بارزانی، بوو هەر بۆیەش بە خێراییەكی زۆر هەموو بوارەكانی پەروەردە، تەندروستی، كشتو كاڵ، ئابووری، وەرزش و رێگاو بان و پەرەیان سەند و بە خێرایی گەشەیان كرد. سەرەڕای بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان، بە پێچەوانە ئاداب و عورفی نێودەوڵەتی، تەنانەت دەستوری هەمیشەیی عێڕاقی فیدراڵ، پێنەدانی شایستەداراییەكانی هەرێم، بێبەشكردنی پێشمەرگە لە هەموو بابەتەكی دارایی و تەنانەت چەك و تەقەمەنی، قەیرانی ئابووری و تەنگەژەی ناو خۆیی هەموو ئەو قۆناغانەی تێپەركرد، بەڵام گرینگترین قۆناغەكانیش، قۆناغی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو ئەو كاتەی هەموو ووڵاتانی ناوچەكە پشتیان لە هەرێمی كوردستان كرد و كوردستان لە نێوان ووڵاتانی جیران و ئابڵۆقەیان بە تەنیا مایەوە، لەو كاتەدا نێچیرڤان بارزانی شانی دایە بەر هەموو ئەو بارگرانییەی كە بەرۆكی كوردستانی گرتبوو، لە هەمان كاتدا لێشاوی یەكجار زۆری هاووڵاتییانی عێراق و هەروەها پەنابەرانی رۆژئاوا و هەموو ئەو شارو شارۆچكانەی كە كەوتبوونە بەر شاڵاو سێبەری رەشی تیرۆر، شكۆ و هەیبەتی كوردستانی پاراست.رێزدار نێچیرڤان بارزانی ، خاوەن ئەو كەسایەتییە بڵمیە ت ئەو جۆرە سەركردانەیە كە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستیە و هەمیشە دەنگی بەهێزی ژیری و میانڕەوی و پێشكەوتنی خەڵكی كوردستان و عێراق بووە. بوونی بەڕیزیان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پێویستی سەردەم وئەم قۆناغە دەزانرێت، چونكە كەسایەتییەكی كارامە و لێزان و شارەزایە بۆ سەرۆكایەتی كردنی ئەم پلە و پۆستە هەرە باڵایەی كوردستان. بە گەواهی سەرۆك و بەرپرسانی باڵای دونیا خاوەن ئەزموونی ئیدارەكردنی باش و سەركەوتووی حكوومەتداری و بەڕێوەبردنی كوردستانە, بە تایبەتیش لە قۆناغە سەختەكانی شەڕی داعش و دوای كارەساتی شازدەی ئۆكتۆبەر, رزگاركردنی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شەڕ و هێرش و گێژەلووك و شەپۆڵە بێ ئەمانەكانی پیلانگێڕان و گەیاندنی دامەزراوەی حكوومەتداری بە كەناری ئارامی سیاسی و دیپلۆماسی و سەر لە نوێ بووژاندنەوەی ئابووری كوردستان. ئەو لەگەڵ ستافەكەیدا شانی دایە بەر و كۆڵی نەدا, بێگومان ئەو مكوڕی و جەختكردنەوە و مانەوە بە پێوە خۆی لە خۆیدا مانای كامڵبوونی سیاسی و دەوڵەمەندی ئەزموونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییە. بە دڵنیاییەوە لە ئەركی ئایندەشدا وەك سەرۆكی هەرێم سەركەوتوو دەبێت و دەتوانێ كۆی ئەزموون و هەژموونی كەسایەتی خۆی بۆ سەركەوتنی ئەم ئەركە قۆرسە بێخیتە كار.





ئەم هەواڵە 208جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad