English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سعوودیە بۆ ئێران : پاڵپشتییەكانتان بۆ تیرۆر رابگرن
2019-10-02 [07:07 AM]

​ZNA- هەولێر


وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاند كە شەش داواكارییان لە ئێران هەیە و بەدووری دەزانێت کە گفتوگۆ لەگەڵ تاراندا بكەن سەبارەت بە قەیرانی یەمەن.

عادل جوبەیر وەڵامی گوتەبێژی حكوومەتی ئێران، عەلی رەبیعی دایەوە كە رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی لە رێگەی سەرۆكی وڵاتێک نامەیەكی لە سعوودیەوە بەدەست گەیشتووە.

عەلی رەبیعی ئاماژەی بەوەش كردبوو كە حەسەن روحانی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە گفتوگۆكردن لەگەڵ سعوودیە ئەگەر ریاز هەڵسوكەوتی لە ناوچەكەدا بگۆڕێت و جەنگییش لە یەمەن رابگرێت.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، ئەوەی گوتەبێژی حكوومەتی رژێمی ئێران باسی لێوەكردووە لەوەی سعوودیە نامەی ناردووە بۆ رژێمی ئێران لە راستییەوە دوورە.

عادل جوبەیر لەوبارەوە روونكردنەوەی داوە و گوتوویەتی "ئەوەی روویداوە ئەوەیە، وڵاتێكی برا هەوڵی هێوركردنەوەی رەوشەكەی داوە، بەڵام پێمان راگەیاندووە كە هەڵوێستی سعوودیە ئەوەیە بەردەوام هەوڵی ئاسایش و سەقامگیری دەدات لە ناوچەكەدا".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئەوەشی گوتووە "هەروەها بەو وڵاتەمان راگەیاندووە كە گرنگە ئەو لایەنە رەوشەكە هێوربكاتەوە كە گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەكەدا بڵاودەكاتەوە".

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر باسی لەوەشكرد كە وڵاتەكەی شەش داواكاری لە ئێران هەیە و گوتی: "دووبارە لێرەوە هەڵوێستی سعوودیە دەخەمەوەڕوو بۆ ئەوەی گوێیان لێ بێت، پاڵپشتییەكانتان بۆ تیرۆر رابگرن، واز لە سیاسەتی گرژی و وێرانكاریی و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی بیهێنن".

عادل جوبەیر داواشی لە ئێران كرد كە پەرەپێدان بە چەكی كۆمەڵكوژ و بەرنامەی مووشەكی بالیستی رابگرێت، هەروەها وەك وڵاتێكی سروشتی نەوەك وەك وڵاتێكی پاڵپشتیكار لە تیرۆر هەڵسوكەوت بكات.

سەبارەت بە بانگەوازی ئێران بۆ هێوركردنەوەی رەوشی یەمەن، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر گوتی: "گفتوگۆ ناكەین لەگەڵ رژێمی ئێران سەبارەت بە یەمەن، چونكە رەوشی یەمەن تایبەتە بە یەمەنییەكان بەسەرجەم پێكهاتەكانییەوە، هۆكاری قەیرانی یەمەنیش، تەنها ئێرانە".

عادل جوبەیر رژێمی ئێرانی بە گومڕا ناوزەند كرد و گوتی: "دوایین شت كە رژێمی ئێران هەوڵی بۆ بدات، هێوركردنەوە و ئاشتییە لە یەمەن".

 





ئەم هەواڵە 1393جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad