English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
د.دیندار زیباری: پێشمەرگە رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش
2019-10-08 [07:47 AM]

ZNA-هەولێر


رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە رۆڵی هەرە سەرەكیی هەبووە لە ئازادكردنی ناوچەكانی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەییەكان لە دەستی تیرۆرستانی داعش و لەم پێناوەشدا گیانی سەدان پێشمەرگە بووە قوربانی.

پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام یەكێك بووە كە لەلایەن رێكخراوە بیانییەكان، كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان (USCIRF) ساڵانە راپۆرتی خۆی لەم بارەیەوە بڵاو دەكاتەوە، لە دوایین راپۆرتیدا كۆمیسیونی ناوبراو تیشكی خستۆتە سەر پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و بە شێوەیەكی ئەرێنی باس لە رۆڵ و چالاكییەكانی حكوومەتی هەرێم دەكات لە پێشوازیكردن لە راگوێزراوان و وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ راگوێزراوان لە پێكهاتە ئایینی و مەزهەبییەكان وەسفی دەكات، هەروەها ستایشی حكوومەتی هەرێمی كردووە لە دروستكردنی كڵێسا و مەزارگە و قوتابخانەی تایبەت بە كەمایەتییەكان.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم پێشوازی لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی كۆمیسیونی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان (USCIRF) دەكات، چونكە دوای هێرشی تیرۆریستەكان داعش ئەو ناوچە كوردستانیانەی كە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی وەك كریستیان، ئێزدی، كاكەیی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن كرایە ئامانجی سەرەكی، بە سەدان هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە كرد و رۆڵی هەرە سەرەكیی هەبوو لە ئازادكردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی، ئەمەش نیشانەی بەهێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمە بەبێ جیاوازی، هەروەها سەدان ساڵە پێكهاتەكان لە هەرێم كوردستان دەژین و  مافەكانیان پارێزراوە و وەك گشت دانیشتووانی هەرێم ئەرك و مافەكانیان دیاریكراوە، تەنانەت لە زۆر رووەوە ئایین و نەتەوە و مەزهەبیشیان لە بەرچاو گیراوە.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر بەشداریی پێكهاتەكان لە كایەكانی حوكمڕانی لە هەرێم و گوتی، لە رووی سیاسییەوە لە ساڵی (2005) ژمارەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە (٥) كورسییەوە زیاد كرا بۆ (١١) كورسی، بەم شێوەیە: (٥) كورسی بۆ توركمان و (٥) كورسی بۆ كلدان، ئاشووری و سریان و (١) كورسیش بۆ پێكهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی كوردستانە بە گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، لەم رووەوە بەردەوام لە كابینەكانی حكوومەتی هەرێم پێكهاتەكان بوونیان هەبووە، تەنانەت لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت دوو كەس لە كریستیان و توركمان پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، هەروەها لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەرێم ئافرەتێك لە پێكهاتەی توركمان سكرتێری پەرلەمانە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێم و بەشداریپێكردنیانە لە ژیانی سیاسیدا.

لەلایەنی یاساییشەوە، پێكهاتەكان مافیان پارێزراوە لەم رووەوە رێكخەری راسپاردە نێودەڵەتییەكان ئاماژەی دا، چەندین یاسا كاریان پێدەكرێت لە هەرێمی كوردستان بۆ نموونە: یاسای ژمارە (47)ی ساڵی 1992 تایبەت بە پشووی فەرمی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم،  لە ساڵی (٢٠٠٧) پەرلەمانی كوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامیی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەقاف و كاروباری ئایینی، یاسای (زمانە فەرمییەكان ژمارە ٦ لە ساڵی 2014)، یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی (2015) یاسای (پاراستنی مافی پێكهاتەكان)، لەم یاسایەدا مافی گشت پێكهاتەكان لە هەرێم پارێزراوە وەك پێكهاتە نەتەوەییەكانی (توركمان، كلدوئاشووری، سریانی و ئەرمەن) و پێكهاتە و كۆمەڵە تائیفی و ئایینییەكانی وەك (كریستیان، ئێزیدی، صابئەی مەندائی، كاكەیی، زەردەشتییەكان)، لە رێكەوتی 9/7/2017 لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان دامەزراوە سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتەكان كە هەشت ئایین لە خۆ دەگرێت.

پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە لایەنی پەروەردە و خوێندنی باڵاش گرنگی پێدراوە لەلایەن حكوومەتی هەرێم لەم رووەوە دیندار زێباری گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و خوێندنی توركمانی و سریانی لە وەزارەتەكانی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردە دامەزراوە بۆ ئەم مەبەستەش خوێندن بە زمانی توركمانی و سریانی دەخوێندرێت لە دەیان قوتابخانەی هەرێم، هەروەها دەستەیە‌كی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆك سەرپەرشتیی خوێندنی ئایینی ئێزدی دەكات و لە ساڵی 1999ـوە تا ئێستا لەو ناوچانەی كە ئێزدییەكان تێیدا زۆرینەن وانەی ئێزیدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەك تا دوازدەی بنەڕەتی، لەلایەكی دیكەوە قوتابیانی پێكهاتەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم بەبێ جیاوازی وەردەگیرێن، ورێگا بە سەدان قوتابیی ئاوارە و پەنابەر دراوە كە درێژە بە خوێندن بدەن، زانكۆی كاسۆلیكیش كە بە فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە و تێیدا قوتابیان فەلسەفەی لاهوت دەخوێنن، هەروەها لە ساڵی 2006ـەوە پەیمانگای شەمعوون سەفا گواستراوەتە هەولێر و ئێستاش بەردەوامە.

سەبارەت بە رزگاركردنی رفێندراوەكانی دەست داعش زێباری روونی كردەوە، نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیژنەی دامەزراندووە بۆ رزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان و لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، كارەكانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە هەزاران رفێندراو ئازادكراون، لەلایەكی دیكەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە كراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی ئیزدییەكان و بڕیار وایە ژمارەیەك گۆڕ بە هاوكاری لەگەڵ تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیتیحادی هەڵ بدرێنەوە. بە هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەت تاكو رۆژی  8/9/2019 ژمارەیەكی زۆریان رزگار كران، بەم شێوەیە: (3515) كەس لەوانە (1192) ئافرەت و(339)پیاو، (1036)منداڵ كچ و (935) منداڵی كوڕ، لەلایەكی دیكەوە لە دوای ئازاد كردنی ئەو ناوچانە لە دەست تیرۆریستانی داعش (٧١) گۆڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاك لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە، كە لە دەست داعش رزگار كراون كە بەشی هەرەزۆری قوربانییەكانی كوردانی ئێزدی بوون. پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بەردەوامە، لەلایەكی دیكەوە داعش تەنیا بە كوشتن و رفاندن نەوەستا، بەڵكو چەندین مەزار و شوێنە ئایینەكانی ئێزیدی و كریستیانیان تەقاندەوە لەوانە لە كۆی (٣١٥) مەزار و شوێنە ئایینەكانی تایبەت بە ئێزیدییەكان هەبوو، بەڵام داعش (٦٨)ـیانی تەقاندەوە و خاپووری كردن، ئەمە جگە لە دەیان مەزار و شوێنی ئایینی ئێزدییەكان و پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەكانی دیكە وەك كریستیان و كاكەییەكان.

 

 





ئەم هەواڵە 1102جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad