English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
فرانسوا ئۆلاند: نەک تەنیا قەرزاری کوردین ئەرکی سەرشانیشمانە بیانپارێزین
2019-10-10 [12:18 PM]

ZNA-هه‌ولێر


سەرۆکی پێشووی فەرەنسا، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کورد هەیە و تاکە سەرۆکی فەرەنسایە دوو جار سەردانی هەولێری کردووە، لەبارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستان و ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەڵێ "نەک تەنیا قەرزاری کوردین، ئەرکی سەرشانیشمانە بیانپارێزین"

لە ساڵی 2015 بە بڕیاری فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسا فڕۆکەکانی فەرەنسا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێگەکانی داعشیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد، ئێستاش داوای کارێکی بەپەلە دەکات بۆ راگرتنی هێرشی تورکیا لەدژی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی لو پاریزیانی فەرەنسی دەڵێ "لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کارم لەگەڵ کوردانی سووریادا کردووە، ئەوان تاکە سەرچاوەمان بوون کە لە شەڕی دژی داعش پشتمان پێبەستن... لەرێگەی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ کورد هەمانبوو لەسەر زەوی، توانیمان داعش لە باکووری سووریا لەنێوبەرین... کورد هاوپەیمانمان بوون".

فرانسوا ئۆلاند، لە ماوەی سەرۆکایەتیی فەرەنسادا دووجار هاتووەتە هەولێر و، یەکەم سەرۆک بوو لەکاتی شەڕی دژی داعش هاتە هەولێر، هەروەها لەگەڵ سەرۆک بارزانی چووە سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

فرانسوا ئۆلاند دەڵێ "ئێمە نەک تەنیا قەرزاری کوردین، بەڵکو ئەرکێکیشمان لەسەرشانە لەبەرامبەریان".

بەشێکی گوتەکانی فرانسوا ئۆلاند تایبەت بوون بەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانەکانی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستانن و، دەگوترێت نزیکەی دوو هەزاریان چەکداری بیانین.

ئۆلاند ئاماژە بەوە دەکات "من، دەزانم، کورد ژمارەیەکی زۆر جیهادییان لەنێو کەمپەکانیاندا دەستبەسەرکردوون کە بەشێکیان فەرەنسین و ترسی ئەوە هەیە بتوانن خۆیان رزگاربکەن، ئەوکاتەش نەک تەنیا دەبنەوە هەڕەشە لەو ناوچەیە، بەڵکو دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپاش، بۆیە لەپێناو پاراستنی خۆمان و بەرژەوەندیمان، پێویستە کورد بەردەوام بن لە باکووری سووریا و خاکیان بەدەستەوە بێت".

فرانسوا ئۆلاند سێ رێگا بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە لە بەرژەوەندیی کورد دەخاتەڕوو "یەکەم: دامەزراندنی ناوچەی ئارام و گەڕاندنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان. دووەم: ئەنجوومەنی ئاسایش کە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و ئۆپەراسیۆنەکەی کۆدەبێتەوە، دەبێت ئەگەر هێرشەکەی تورکیا بەردەوام بوو، یەکێتیی ئەوروپا راستەوخۆ ئابڵۆقە بخاتە سەر تورکیا. سێیەم: کورد هاوپەیمانی ئێمەن، ئەوان شەڕی دژی داعشیان کرد، لەهەمان کاتدا تورکیا ئەندامی ناتۆیە، چۆن وڵاتێک کە لەگەڵ ئێمە لە هاوپەیمانییەکدایە، دەتوانێت هێرشبکاتە سەر هاوبەشێکی سەرەکیمان، بۆیە لێرەدا دەبێت پرسیار لەبارەی پەیوەندیی تورکیا و ناتۆ بکرێت، دەبێت ئەندامیێتیی تورکیا لە ناتۆ هەڵبپەسێردرێت". 





ئەم هەواڵە 1132جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad