English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ترەمپ: پێویستە شەڕە بێکۆتاکان کۆتاییان پێبێت
2019-10-13 [06:08 AM]

ZNA- هه‌ولێر


ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان چوارەم رۆژی تێپەڕاند، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر هێرشەکان بەردەوامن و لە دوایین هەڵوێستیدا سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت "شەڕە بێکۆتاکان پێویستە کۆتاییان پێبێت". 

 

توویتەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی گەورەی کوردی کردووە و دەبێت تورکیاش لە ئۆپەراسیۆنەکەی بووەستێت. 

 

مایک پۆمپیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کورد کاریکردووە، نەوەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە عێراق و شوێنەکانی دیکەی جیهانیش.  گوتیشی "سەرۆک ترەمپ بەڕوونی و بە ئاشکرا و لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە بە تورکیای گووتووە کە تورکیا و سەرۆک ئەردۆغان باجێکی راستەقینە دەدەن ئەگەر لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بن".

 

هاوکات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی داوەتە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کە "سزای زۆر بەهێز" بخاتە سەر تورکیا، بەڵام ستیڤن منوچن، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کە سزاکان ئێستا کارا ناکرێن.

 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتریش لە رێگەی توویتەرەوە رایگەیاند، ئەگەر تورکیا لە سنوور بچێتەدەرەوە، ئابوورییەکەی وێران دەکات. 

 

تورکیا و هەسەدە ئاماری جیاواز لەبارەی کوژراو و بریندارانی شەڕەکانەوە بڵاودەکەنەوە، بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی تورکیای لە چوار رۆژی رابردووی راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا "45 شەڕڤانمان شەهیدبوونە".

 

هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، وەزارەتی دەرەوە و بەرگری فەرەنسا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، وڵاتەکەیان فرۆشتنی چەکی بە تورکیا راگرتووە.

 

فەرەنسا لە وەستاندنی بڕیاری فرۆشتنی چەک بە تورکیا بەتەنها نییە، بەڵکو پێشتریش هەریەک لە ئەڵمانیا، نەرویج و هۆڵەندا فرۆشتنی چەکیان بە تورکیا راگرت، ئەوەش دوای بەردەوامبوونی وڵاتەکە لەسەر ئۆپەراسیۆنی "کانیاوی ئاشتی" لە باکوور وباکووری رۆژهەڵاتی سووریا، سەرەڕای هۆشداری و هەڕەشەی وڵاتانی رۆژئاوا.

 

بۆ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا، هاونیشتمانیان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە خۆپیشاندان و چالاکی جۆراوجۆر داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دەکەن.

 

 





ئەم هەواڵە 2539جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad