English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ترەمپ: نابێت تورکیا و کورد لێبگەڕێن چەکدارانی داعش هەڵبێن
2019-10-14 [06:19 AM]

ZNA- هه‌ولێر


هەرچەندە نزیکەی ساڵێکە کۆتاییهاتنیی تەواوەتی دەسەڵاتی داعش لەسەر خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان راگەیەندراوە، بەڵام ئازادبوونی هەندێکیان "بەهۆی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی" ترەمپی نیگەران کردووە و وایکرد هۆشداری بداتە تورکیا و هەسەدە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا رایگەیاند "خراپترین چەکدارانی داعش لەلای ئەمریکا زیندانیکراون. تورکیا و کورد نابێت بهێڵن (چەکدارانی داعش) رابکەن".

چەکدارەکانی داعش، ئەوانەی لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیندانیکراون، نزیکەی دوو هەزاریان خەڵکی وڵاتانی ئەوروپان، ئەوروپییەکان سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک لەلایەن ئەمریکاوە داوایان لێکراوە ئەو چەکدارانە ببەنەوە وڵاتەکانی خۆیان و لەوێ دادگاییان بکەن، بەڵام رازی نین.

یەکێک لەو وڵاتانەی رازی نییە، بەریتانیایە کە دەڵێ بەهۆی ئەوەی چەکدارەکانی داعش لە سووریا یان لە عێراق تاوانیان ئەنجامداوە، لەکاتی گەڕاندنەوەیان گەواهیدەر لە دژیان نابێت و لەوانەیە بەڵگەکان بفەوتێن، بۆیە باشترە لەوێ دادگایی بکرێن.

ترەمپ دیسان باسی داواکارییەکانی لە ئەوروپییەکان دەکات بۆ وەرگرتنەوەی چەکدارانی داعش و دەڵێت "ئەوروپا دەبوو وەریانبگرێتەوە لەدوای ئەو هەموو داواکارییە. ئێستاش دەبێت وەریانبگرێتەوە".
 
سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایە لەوەی چەکدارانی داعش "هەرگیز ناچنە ئەمریکا و رێگەشیان پێنادرێت".

رێڤەبەری خۆسەر دوێنێ (یەکشەممە، 13-10-2019) رایگەیاند "785 چەکداری داعش توانییان بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپێکی بەکرێگیراوی تورکیا  لە کەمپی عەین عیسا هەڵبێن".

هەرچەندە ئامارێکی ورد بەردەست نییە، بەڵام باسی ئەوە دەکرێت لەنێوان 10 بۆ 12 هەزار چەکداری داعش لەنێو گرتووخانەکانی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان زیندانیکراون، ئازادبوونی ئەو چەکدارانە لەمیانەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە هەر ئەگەرێک بێت، گەورەترین ترسی وڵاتانی رۆژئاوایە.





ئەم هەواڵە 2407جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad