English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
كوردبوونەكەمان
2019-10-14 [12:27 PM]

نووسينى: زكرى موسا


كارەسات و جینۆساید و زوڵم ئێمەی كوردی پێ گەیاندووەو، پتەوتری كردووین. لە سەد ساڵی ڕابردوودا خۆ ئەوەی بەسەر كورددا هێنراوە بەسەر هەر نەتەوەیەكی تر هاتبا، لە جیۆگرافیای زەویدا سڕابۆوه‌. شازدەی ئۆكتۆبەر و ڕەفتاری دڕندانە لەگەڵ ڕیفراندۆم و داگیركردنی كەركووك و عەفرین و نەهامەتییەكەی ئێستای ڕۆژئاوای كوردستان بە ڕوونی پێمان دەڵێ دژایه‌تی كورد له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو توندتره‌. شێوازی مامەڵەكردنیشیان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و نابێ چاوەڕێ بین جگە لە ئینكار و چەك لۆژیكێكی تر لەبەرانبەر كورددا بەكار بهێنین.

بەڵام ئایا دوژمن لەو بەدڕەوشتییەی خۆی لەبەرانبەر ئێمەدا گەییشتووتە هیچ ئەنجامێك؟ وەڵامەكە بە دڵنیاییەوە نەخێرە. ئەمە قەدەری كوردە، چەندە نەیارەكەی بێ بەزەیی بێ ئەوەندەیش كورد پێ دەگات، خۆی باشتر دەناسێ و نه‌یار باشتر دەبینێت و دنیاش باشتر لە دۆزەكەی تێ دەگات. ڕاستە خاكیان لێ داگیركردووین و كەركووك و عەفرینیان لێ سەندووین بەڵام ئەوەی گرنگە ئیرادەیە كە ماوەتەوە. ڕقە پیرۆزەكەی ناخمانە كە لەگەڵ هۆشیاری و چاوكراوەییدا ئاوێتە بووە و ئەمەیش بە دڵنیاییەوە هێزی زیاترمان پێ دەبەخشێ و ئەنجامی دەبێت.

بیریشمان نەچێ كە داگیركارانی كوردستان بۆ چارەسەر كێشەی كورد جگە لە زۆرداری ڕێگەیەكی تر شك نابەن، بۆ ساڵانی دوورودرێژ هێندەی تر كێشەی جیۆپۆلیتیكی و ئەتنیكی و ناسەقامگیری و دواجار بەفیڕۆدانی وزە و دەرفەت بۆ خۆیان بەرهەم دەهێنن.

نەهامەتییەكەی ئێستای ڕۆژئاوا تاقیكردنەوەیەكی ترە بۆ گەلی كورد بۆ ئەوەی دۆزە ڕەواكەی سنوورەكانی ڕۆژهەڵاته‌ ناوەڕاستە شوومەكە تێپەڕێنێت و دۆست و لایەنگری زیاتر لەناو ویژدانی مرۆڤایەتی بەدەست بهێنێت.

گرنگترین خاڵ كە هەر كوردێك پێویستە ئاوێزەی هزر و هۆشی بكات بابەتی كوردبوونیەتی. كێشەی داگیركار لەگەڵ ئێمەدا كوردبوونمانە. كە دژایەتی دەكرێت و خاكی لێ زەوت دەكرێت لەبەر كوردبوونەكەیەتی، نەك لەبەر ئینتیمای سیاسی و ئایین و مەزهەبی. كە دۆست و هاوسۆزی بۆ پەیدا دەبێ لەبەر ئەوە نییە كە چ ئایدیۆلۆژیا و دین و ڕێكخستنی سیاسیی هەیە لەبەر ئەوەیە كە كوردە و دۆزێكی ڕەوای مێژوویی و جیۆگرافی و نەتەوەیی و سیاسیی هەیە. كە هەتا ئێستا بەرگەی قڕبوون و ڕق و تیرۆر و داگیركاری گرتووە و ماوەتەوە هەر لەبەر كوردبوونەكەیەتی.





ئەم هەواڵە 223جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad