English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ھەڵوێست و راسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان
2019-10-15 [12:24 PM]

ZNA- هه‌ولێر



١ـ پەرلەمانی کوردستان دژە شەڕە و داوا دەکەین ھەرچی زووە شەڕ و لەشکرکێشی و ململانێی سەربازی کۆتایی پێبھێنرێت و لەبری ئەوەپشتیوانی بژاردەی چارەسەری ئاشتییانەین و دەخوازین لە رێگای دیالۆگەوە کۆتایی بە ناکۆکیەکان بھێنرێت.

٢ـ وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی ھێرش و لەشکرکێشی و بە ئامانجگرتن و پەلاماری سەر ھاووڵاتیان، داواکارین سەروماڵ و گیانی خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان پارێزراو بێت.

٣ـ پەرلەمانی کوردستان لە پێناوی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بەرمەبنای ڕێکەوتتنامە نێودەوڵەتیەکان، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە ھەرێمایەتی و نێوەدەوڵەتییەکان دەکات، ھەوڵ و توانایان چڕتر بکەنەوە و گوشارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان زیاتر بکەن بەئاراستەی کۆتایی ھێنان بەو شەرو لەشکرکێشیەی کە ئیستا لە رۆژئاوای کوردستان ھەیە.
٤- حکومەتی ھەریمی کوردستان رادەسپێرین تاوەکو لە چوارچێوەی تواناکان، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ریکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان ئامادەسازی تەواو بکات بۆ پێشوازی و حەواندنەوەو بە دەمەوە چوونی ئەوپەنابەرانەی کە بەھۆی شەڕو ململانێکانی ئێستای ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستانەوە ڕوو لەھەریمی کوردستان دەکەن.

٥- داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ، وێڕای چرترکردنەوەی ھەولە دیپلۆماسییەکان و ھەماھەنگی لەگەل حکومەتی فیدرال، کاری زیاتربکات بۆ یەکخستنی ھەڵوێستی تەواوی لایەنە سیاسیە بەڕێزەکانی ھەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی پشتیوانیکردن لە بژاردەی ئاشتیانە.

٦- داوا لە حکومەتی عیراقی فیدراڵ دەکەین، ھاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی ھەریمی کوردستان بێت بە دابینکردنی بەشێک لە بودجەی (گواری)بۆ فریاکەوتن و حەواندنەوەی ئاوارەکان، چونکە ھاوکاری و بەدەمەوەچوونی پەنابەری نوێ و ئیدارەدانی ئاوارەو پەنابەرانی ئێستای ناو کامپەکانی ھەرێمی کوردستان ، بارگرانیەکی دارایی گەورە دەخاتە سەر ھەرێمەکەمان و لە تواناکانمان زیاترە.

٧- داوا لە سەرجەم ئەو کونسوڵخانەو نوێنەرایەتیە دیپلۆماسییانەی وڵاتان دەکەین کە لەھەرێمی کوردستانن، حکومەتەکانیان لەو دۆخەی ئیستای رۆژئاوای کوردستان بە وردەکاری رووداوەکانی و لێکەوتە ناوخۆیی و ھەریمایەتی و جیھانییەکانی ئاگادار بکەنەوەو ھەوڵ و توانا و گوشارە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ململانێی سەربازی و ماڵوێرانی خەلکی سڤیل و ئاوارە بوونیان، زیاتر بکەن و ھەموو لایەنە ناکۆکەکان بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی ھانبدەن. ھاوکات داوایان لێدەکەین کە ھاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی ھەریمی کوردستان بن بۆ بەدەمەوە چوونی ئاوارەو پەنابەران.

٨- پەرلەمانی کوردستان ھەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی و بەدەمەوەچوونی ئاوارەو لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان رادەگەینێت و لە روانگەی ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی و نەریتی کوردستانیانەمانەوە، داخوازیمان ئەوەیە خەڵکی کوردستان وەک نەریتێکی مرۆڤدۆستانەی کوردستانیانە، ئەوەی لە توانایاندایە لە ریگای ریکخراوە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێمەوە ، بەدەم ئاوارەو پەنابەرانەوە بچن . پەرلەمانتارانی کوردستان بەشدارن لەم ھەلمەتە نیشتیمانییە.

٩- پەرلەمانی کوردستان نیگەرانییەکی قوڵی ھەیە لەوەی ئاراستەی رووداوەکان و کاری ھێزەچەکدارە توندرەوەکان بە جۆرێک بن کە دۆخی نەخوازراو و ناھەمواری عەفرین و پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کارە دژە مرۆڤایەتییەکانیان و بە تالان بردنی سەرو ماڵی ھاووڵاتیان و گٶڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان دووبارە بکەنەوە. پیویستە ھەموو ھەولەکان بەو ئاراستیە بن کە رێ لەم ھێزە چەکدارانە بگیریت تا دۆخی سەری کانێ و گرێ سپی و کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە وەک عەفرین لێ نەکەن.

١٠- گەلی کورد و گەلانی دیکەی سوریا، مافیکی سروشتی و یاسایی و دیموکراسییانەی خۆیانە، لە چوارچێوەی ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی چارەسەری دۆخی گشتی سوریا بە ئاراستەی جنێڤ و ئاراستەی ئاستانە و بریارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا، لە ھەر ریککەوتنێک بۆ دۆخی سوریای دوای شەڕ ، مافی نەتەوەیی و ھاولاتی بوون و یەکسانی و دادپەروەری لە ئەرک و مافیان لە دەستوری نوێی سوریا و شیوەی حوکمرانی لە چوارچێوەی سوریادا بچەسپێت.

١١-پەرلەمانی کوردستان داوا لەسەرجەم ھێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ململانێی حزبی و ئایدیۆلۆژی تەسک بە لاوە بنێنن و قۆناغێکی نویی کاری پیکەوەیی و خەباتی بەرەیی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی بالای خەلکی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێبکەن و لە سەر بنەمای ئاشتی و دیموکراسی و دیالۆگ و پێکەوە ژیان و وەستانەوە دژی تیرۆر، خەباتی گەلی کوردستان لەرۆژئاوای کوردستان زیاتر پێشبخەن و لاپەرەیەکی نوێ ھەلبدەنەوە.

١٢- پەرلەمانی کوردستان سەرنجی کۆمەلگای نێوەدەولەتی بۆ ئەو راستییە رادەکیشیت کە رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی ھیزەکانی ھاوپەیمانی نێودەولەتی و ئەو لەشکرکیشی و ناسەقامگیریەی کە لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان ھاتۆتە ئارا، ھەموو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر و شکاندنی ئەفسانەی داعش لە ناو دەبات و زەمینەی سەرھەڵدانەوەی داعش و تیرۆریستانی دیکە زیاتر دەکات و بەوەش جاریکی دیکە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ھەریمایەتی و جیھانی دەکەویتەوە بەر مەترسی.





ئەم هەواڵە 3214جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad