English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌در له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ینی داهاتوو به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
2019-10-20 [05:28 AM]

​ZNA – هه‌ولێر


موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌باره‌ی خۆپیشاندانی هه‌ینی داهاتووی 25ی ئه‌م مانگه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق له‌ ترسی چالاكی و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل "له‌ حاڵه‌تی تۆقێنه‌ر و هێستریا"ـدا ده‌ژین.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا سه‌در رووی قسه‌كانی له‌ خۆپیشانده‌ران و لایه‌نگرانی كرد و گوتی: "ئه‌ی شۆڕشگێڕه‌ تووڕه‌كان، به‌و هیوایه‌ی ئاماده‌كاری باشتان كردبێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ی زاینی خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ مافێكه‌ له‌ مافه‌كانی ئێوه‌، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌تان پێ رابگه‌یه‌نم كه‌ له‌ پشتی په‌رده‌كانه‌وه‌ چی ده‌گوزه‌رێت".

هه‌ر له‌به‌یاننامه‌كه‌دا گوتیشی، "سه‌رجه‌م سیاسه‌تمه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ترسی چالاكی و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل تۆقیون و له‌ حاڵه‌تی هێستریادا ده‌ژین"، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "هه‌موویان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ و ناشتوانن چونكه‌ كار له‌كار ترازاوه‌".

سه‌در جه‌ختی كرده‌وه‌، "هه‌موویان ده‌یانه‌وێت به‌ شێوازه‌كانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بێده‌نگتان بكه‌ن، وه‌ك بانگه‌شه‌ بۆ دامه‌زراندن، مووچه‌ و به‌ڵێنی دیكه‌ی له‌م شێوه‌یه‌، هه‌مووشیان خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئاماده‌ كردووه‌ و له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كۆبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌مه‌ نییه‌"، گوتیشی: "حكوومه‌ت ناتوانێت چاكسازی له‌وه‌دا بكات، كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كی گه‌نده‌ڵ و هه‌ڵه‌ داڕێژراوه‌".

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ڵێت: "هه‌موویان دركیان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ خۆیان راده‌ستی ئه‌وانه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراقن و خۆیان ناتوانن هیچ بڕیارێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان ده‌ربكه‌ن، بۆ هه‌موو بڕیارێك پێویسته‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ئاراسته‌ بكرێن، هه‌ستیش به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا عێراق بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیسابه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، هه‌موویان ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ زۆرینه‌ی گه‌ل ئه‌وان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی "شۆڕشی كفنه‌كان" رۆشناییه‌كی نوێی دایه‌وه‌".

سه‌در دووپاتیكرده‌وه‌، "هه‌ر بۆیه‌ش په‌نایان بۆ فڕوفێل بردووه‌ و ئێوه‌ش به‌ نه‌زان ده‌زانن و به‌ گه‌مژه‌ وه‌سف ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان نه‌زان و گه‌مژه‌ن، به‌ڵام هه‌ستی پێ ناكه‌ن ئێوه‌ به‌ ئاژاوه‌گێڕ و پشتیوانیكراو له‌لایه‌ن ده‌ره‌وه‌ ناوده‌به‌ن، له‌كاتێكدا خۆیان له‌ بڕیاره‌كانیان په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سنوور ده‌كه‌ن، ئێوه‌ به‌ به‌عسی و ناپاك و هاوكاری داگیركار وه‌سف ده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌و هاوارانه‌ له‌ گه‌ڵتانین، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ قورگمان ده‌رده‌چێت‌ و ده‌ڵێین: نه‌خێر نه‌خێر بۆ به‌عسی، نه‌خێر نه‌خێر بۆ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆش ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چه‌ك هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئێوه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئێوه‌ تینووی خوێنی هیچ كه‌سێك نین".

سه‌در گوتی: "ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق نییه‌، یه‌ك بگرن و وه‌ك گه‌لێكی یه‌كگرتوو با یه‌ك داواكاریتان هه‌بێت و بۆ یه‌ك ئامانج بێت و به‌ یه‌ك دروشم ده‌ركه‌ون، "ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت ئازاد بن، سه‌ره‌تا چاكسازی له‌ خۆتان بكه‌ن ئینجا ئه‌وه‌ بڵێن كه‌ ده‌تانه‌وێت بیڵێن و ده‌نگی خۆتان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، خودا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناگۆڕێت تا به‌ خۆیان خۆیان نه‌گۆڕن" .

 





ئەم هەواڵە 1885جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad