ZNA- هه‌ولێر رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له به ئه‌لیكترۆنیكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان له پێشه‌نگدایه و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت زۆربه‌ی مامه‌ڵه‌كان بكرێنه ئه‌لیكترۆنی، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان كه‌مترین زه‌حمه‌ت بكێشن.
وه‌زیری ناوخۆ له كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌فسه‌ران، كه به ئه‌لیكترۆنی كراوه رایگه‌یاند، ئێستا له پاسپۆرته‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی به ئه‌لیكترۆنی نۆره تۆمار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له ماوه‌ی 7 بۆ 10 رۆژ ده‌توانرێت تۆمار بكرێت و هه‌ندێكجار ده‌گاته 3 رۆژیش. روونیشی كرده‌وه، پێشتر ئه‌و كاره نزیكه‌ی مانگێكی ده‌خایاند.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه به گوێره‌ی لێدوانی به‌ڕێوه‌به‌ری هاتووچۆ، ئێستا مامه‌ڵه‌كانی ساڵیانه، وه‌رگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێری به 90 خووله‌ك ته‌واو ده‌بێت، له‌كاتێكدا ئه‌و كارانه پێشتر چه‌ند رۆژێكیان ده‌ویست.
له باره‌ی هاتنی ئاواره و په‌نابه‌ری نوێ له رۆژئاوای كوردستانه‌وه، وه‌زیری ناوخۆ رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان له لایه‌ن مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راسپێردراون، به باشترین شێوه پێشوازییان لێ بكرێت.
دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه، له ئاماده‌باشیدان به باشترین شێوه پێشوازی له ئاواره بكرێت، كه تا ئێستا نزیكه‌ی 5 هه‌زاریان گه‌یشتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه ئاواره و په‌نابه‌ران له‌ودیوی رۆژئاوا گرفتیان بۆ درووست ده‌كرێت و هه‌ندێك له په‌نابه‌رانیش ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه، كه به رێگه‌ی قاچاخ و پێدانی بڕێك پاره خۆیان گه‌یاندووه‌ته هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه سنوور له هه‌رێمی كوردستانه‌وه كراوه‌یه و وه‌كو جاران هاوكارییه مرۆییه‌كان ره‌وانه ده‌كرێن، به‌ڵام له‌و دیوه‌وه رێگه به ئاواره و په‌نابه‌ران نادرێت به شێوه‌یه‌كی یاسایی بێن.
ئەم هەواڵە 2641جار خوێندراوەتەوە |