English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە هەولێر رەخساندنی هەلی کار بۆ 400 کەس راگه‌یاندرا
2019-10-27 [10:46 AM]

ZNA-هەولێر


بەرنامەی 'بەرەوپێشەوە' کە پڕۆژەیەکی ھاوبەشی نێوان رێکخراوی ھابیتات و یوئێن دی پیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە دەستی بەکارەکانی کرد کە تیایدا ئەو پرۆگرامە بە مەبەستی ئەوە دامەزراوە تا ھەماھەنگی و ھاریکاری ئەو کۆمەڵگایانە بکات کە بە ھۆکاری قەیرانی سووریا و عێراقەوە زەرەرمەند بوون و بوودجەی پڕۆژەکەش لە لایەن پارێزگای ھەولێر و دەزگای روانگەوە، جێبەجێ دەکرێت.

گوژمەی ئەو پڕۆژەیە سێ ملیۆن دۆلارە کە بۆ رەخساندنی ھەلی کار تەرخانکراوە کە بریتین لە زیادکردن و دابینکردنی ھەلی کار بۆ ٤٠٠ کەس، ھەروەھا دابینکردنی مەشقی پیشەگەری بۆ ١٥٠  کەس و کۆی گشتی ٥٥٠  کەس لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت.

لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە لامانەوە گرنگە ئەو ھەزاران کەسەی کە زانکۆ تەواو دەکەن و ناتوانن لە کەرتی گشتی دابمەزرێن ئەوا لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن، بۆیە بابەتی دامەزراندن یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی ئێمە و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین، بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەت بڕەخسێنین، بۆیە پشتگیری ھەموو پڕۆژەیەکی ھاوشێوە دەکەین، جگە لەوەش ئەگەر کۆمپانیایەک داوای دامەزراندن بکات، ئەوا داوا دەکەین کە رێژەی کرێکاری خۆماڵی لەبەرچاو بگیرێت و ئەمەش یەکێکە لە پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ بەگەڕخستنی کرێکارانی ناوخۆیی".

بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە دەزگای روانگە، داستان قادر ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کۆمپانیا بەشداربووەکان تا رۆژی ١٠ی کانوونی یەکەم داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات پڕۆژەکە بکەوێتە کار.

داستان قادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی سەرەکی ئێمە بریتییە لە پاڵپشتیکردنی سێ چینی کۆمەڵگا؛ ئاوارە، پەنابەر و چینی ھەژاری کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانین باری ئابووری بەرزبکەینەوە و لە رێگای ئەم پڕۆژەیە پێشوازی لە ٥٥٠ کۆمپانیا دەکەین و لە کۆتاییدا ٥٠  کۆمپانیا دەستنیشان دەکرێن و سەپۆڕت دەکرێن بۆ ئەوەی ٤٠٠کەس لەم کۆمپانیایانە دابمەزرێن و لانیکەم مووچەی شەش مانگیان پێ بدرێت".

داستان قادر گوتیشی: "لەم پڕۆژەیەدا تەنھا کۆمپانیا خۆماڵییەکان بەشدارن کە لە ھەموو سێکتەرە جیاوازەکان کار دەکەن و ئەمڕۆش یەکەم رۆژە و دەبێت تا ١٠ ی کانوونی یەکەم ھەموو کۆمپانیاکان داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و ھەفتەیەک دوای ئەوە لیستی ناوەکان تەواو دەبێت و دەکەونە سەر کار".

 

1





ئەم هەواڵە 2326جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad