English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئه‌مریكا په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌
2019-10-29 [05:23 AM]

ZNA- هه‌ولێر


ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكییان راگەیاندووە كە كۆشكی سپی بیر لە هێشتنەوەی 500 سەرباز و دەیان تانك و چەكی قورس لە رۆژهەڵات و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەكاتەوە. ئەمریكا لەلایەكەوە بەنیازە ئەو كێڵگانە لە داعش بپارێزێ و لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێ وەك وەرەقەیەك لە دانوستاندنەكانی داهاتووی لەگەڵ سووریا و هاوپەیمانەكانی بەكاری بهێنێ.

 

رۆژی شەشی ئۆكتۆبەر، كۆشكی سپی رایگەیاند كە ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر شارۆچكەكانی باكووری سووریا، ئەوە ئەمریكا رێگرییان لێناكات. سێ رۆژ دواتر هێرشی توركیا و میلیشیاكانی دەستیپێكرد. رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر، ئەمریكا كشاندنەوەی هەموو هێزەكانی خۆی لە باكووری سووریا راگەیاند، چوار رۆژ دواتر ئەمریكا و توركیا رێككەوتنێكی ئاگربەستی پێنج رۆژەیان لە باكووری سووریا راگەیاند. سێشەممەی رابردوو توركیا رێككەوتنێكی 10 خاڵیی دیكەی لەگەڵ رووسەكان واژۆ كرد.

 

پێش بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكان، ئەمریكا نزیكەی 1000 سەربازی لە سووریا هەبوو. بڕیار وابوو ئەو هێزانەی دەكشێنەوە لە عێراق جێگیر بكرێن، بەڵام حكومەتی عێراق كە هەر ئێستاش گوشارێكی زۆری نێوخۆیی لەسەرە، دەڵێت ئەو هێزانە تەنیا چوار هەفتە دەتوانن لە عێراق بمێننەوە.

 

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە)، بۆ دانوستاندن لە ئەمریكایە و هەفتەی رابردووش بەشداری دانیشتنێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بوو. بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە مەسەدەیان راگەیاندووە كە هێزێكی ئەمریكی لە سووریا دەمێننەوە. ئیلهام لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری (فۆرین پۆڵسی)ی ئەمریكی، لەبارەی مانەوەی هێزە ئەمریكییەكان گوتی: "ئەوەی بیستوومانە ئەوەیە ئەمریكا بەنیازە بمێنێتەوە، بەڵام نازانن چۆن ئەمە بكەن و ئێمەش نازانین".

 

كاربەدەستێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بە گۆڤاری (نیوزویك)ی ئەمریكی راگەیاندیووە كە: "30 تانكی ئابرامز و ستافی سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی سووریا دەكەن". بەگوتەی كاربەدەستەكە، ئەو هێزە كۆمەڵێك ئامانج جێبەجێ دەكەن، لەوانەش دوورخستنەوەی داعش، هێزەكانی رژێمی سووریا و ئێران لە كێڵگە نەوتییەكان.

 

بڕیارەكەی ئەمجارەی ئیدارەی ئەمریكی پەلەی پێوە دیارە. یەكێك لە پرسیارەكان كە بێ وەڵام ماوەتەوە، ئەوەیە كێ كار لەو كێڵگانە دەكات و نەوتەكەی چۆن و بە كێ دەفرۆشرێ. بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپی بە (نیوزویك) دەڵێ: "فرۆشتنی نەوتەكە شتێكە بێگومان بیری لێدەكەینەوە و چاومان لەسەری دەبێ، بەڵام ئامانجی ئەم ئیدارەیە و سەرۆك ئەوەیە هەموو هێزەكان لە سووریا دەربهێنێ، ئەوەش شتێكە لە كۆتاییدا روودەدات".

 

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە: "رەنگە ئێمە یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی خۆمان بنێرین". بۆ ئەوەی كار لە كێڵگەكان بكەن. رێكس تیلەرسن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا، پێشتر بیری لەو بیرۆكەیە كردبووەوە، بەڵام دواتر بۆی دەركەوتبوو كە بەربەستی یاسایی گەورە هەن، لەبەر ئەوەی ئەو كێڵگانە بەشێك لە سەروەریی خاكی سووریان.

 

هەناردەی نەوتی ئەو ناوچەیە كێشەی تەكنیكیی گەورەشی تێدایە. لەو ناوچەیە تەنیا یەك بۆڕی هەیە، ئەویش بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەچێ. توركیاش رێگە بە هەناردەی نەوتی ئەو ناوچانە لە رێگەی خاكی وڵاتەكەیەوە نادات. ئەمریكییەكان پێیانوایە عێراق تاكە بژارەیە كە دەكرێ نەوتی قورسی سووریای بۆ رەوانە بكرێ و لەوێ لەگەڵ نەوتی سووكتردا تێكەڵ بكرێ و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان بكرێ.

 

بەڵام ئەوەش پێویستی بە رێككەوتنی بازرگانی و هەوڵی دیپلۆماسیی بەرفراوان و ئیمكاناتی لۆجستیكی هەیە. هەفتەی رابردوو، فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی راگەیاند "ئەمە شتێكی نوێیە كە دەبێ لە بەغدا و هەولێر قسەی لەسەر بكرێ". بەرپرسە كوردەكە جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەمریكییەكان هەتا ئێستا پەیوەندییان بە حكومەتی عێراقەوە نەكردووە. شارەزایانیش پێیانوایە ئەو پلانە قازانجی تێدا نییە.

 

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی وزەی ئەمریكا، سەردەمانێك حكومەتی سووریا رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، بەڵام لەسەروبەندی سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆی سووریا بۆ 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزی. لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی داعش بەسەر ناوچە نەوتییەكانی سووریادا، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی سووریا 40 هەزار بەرمیل بوو. ساڵی رابردووش لەو كێڵگانە رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە. 

 

بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە وڵاتەكەی سوورە لەسەر ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە پێگەی خۆی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بەهێزتر بكات، بۆیە هێزی سەربازیی زیاتر رەوانە دەكات تاوەكو رێگە نەدات ئەو كێڵگانە بكەونە ژێردەستی داعش و ئەكتەرە تێكدەرەكانی دیكە.





ئەم هەواڵە 9475جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad