English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیاری گرنگ لە دژی تورکیا پەسەند دەکات
2019-10-30 [04:38 AM]

ZNA-هەولێر



ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ سزادانی تورکیا لەسەر لەشکرکێشیـیەکەی بۆ سەر باکووری سووریا و بڕیارێکی دیکەی پەسەندکرد بۆ ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بە دەستی عوسمانیـیەکان بە جینۆساید.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی 403 ئەندام لە بەرامبەر دەنگی 16 ئەندام ئەو بڕیارانەی پەسەندکرد کە داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات سزا بەسەر کاربەدەستان و حکوومەتی تورکیا بسەپێنێت لە بەرامبەر هێرشی بۆ سەر باکووری سووریا.
بەپـێی بڕیارەکە دەبێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێدانی ڤیزە بە کاربەدەستانی تورک رابگرێت و سەروەت و سامانی ئەو کاربەدەستانە سڕبکات کە دەستیان هەیە لەم لەشکرکێشییەی سەر باکووری سووریا، لەوانە وەزیری بەرگری.
دەبێت وەزارەتی دەرەوە راپۆرتێک بدات بە سەرۆک و کۆنگرێس لەبارەی ئەو کاربەدەستە تورکانەی بەشدارن لەو لەشکرکێشییە و هەروەها ئەو کەسە بیانییانەی بە مەبەست زانیاری یان تەکنۆلۆجیای لەشکرییان بە تورکیا داوە کە شیانی هەبێت بۆ لەشکرکێشی سەر باکووری سوریا بەکاربهێنرێت.
دەبێت سەرۆک سزا بسەپێنێت بەسەر گەورە بانکی دەوڵەتی تورکیا کە بە Halkbank ناسراوە. هەروەها سزای هەر دەزگایەکی دیکەی دارایی تورکیا بدرێت کە وەزارەتی دەرەوە ئاماژە بۆ ئەوە بکات بە مەبەست کارئاسانی کردووە بۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا یان پـیشەسازیی لەشکری تورکیا لە پەیوەست بە لەشکرکێشیـیەکە.
دەبێت سەرۆک سزاکانی یاسای CAATSA بەسەر تورکیا بسەپـێنێت.
(یاسای CAATSA، واتە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە رێگەی سەپاندنی سزاکانەوە، لە ساڵی 2017ەوە کاری پـێدەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەریەک لە ئێران و رووسیا و کۆریای باکوور)
نابێت چەک و کەلوپەل و تەکنەلۆجیای سەربازیی بۆ تورکیا رەوانەبکرێن کە شیانیان هەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سەر باکووری سووریا بەکاریانبهێنێت.
بڕیارەکە داوادەکات دوو راپۆرت ئامادەبکرێن، یەکێکیان لە بارەی کاریگەری ئەو لەشکرکێشیـیەی تورکیا بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، راپـۆرتی دووەم لە بارەی سەروەت و سامانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و خێزانەکەی.
هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارێکی بە دەنگی 405 بەرامبەر 11 پەسەندکرد کە تیایدا کوژرانی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە نێوان ساڵانی 1915-1923 بە جینۆساید پـێناسەدەکات.
لە ئێستادا پێویستە ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا ئەویش دوو بڕیاری هاوشێوە پەسەندبکات تاوەکو سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێیان بکات.





ئەم هەواڵە 2005جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad