English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مه‌سرور بارزانی: هیچ گۆڕانکارییەک لەدەرەوەی رێکارە دەستووریی و یاساییەکان پەسەند ناکەین
2019-10-30 [11:21 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١٠/٣٠ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە رووداوی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و گوتی، راستە کوشتنی بەغدادی زۆر گرنگ بوو بەڵام ئەمە کۆتایی داعش و تیرۆر نییە، بەڵکو هێشتا داعش مەترسییەکی جیددیە بۆ سەر دانیشتووانی زۆر ناوچەی عێراق. گوتیشی ئەفسانەی داعش لە سەر دەستی پێشمەرگە تێکشکێنرا کە بووە هۆی دەستپێکی داڕمانی داعشیش لە سوریا لە سەر دەستی کورد.

پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی عێراق و ، رایگەیاند کە تێکچوونی بارودۆخی عیراق، لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی نییە.

گوتیشی ئێمە لەگەڵ داوای ڕەوا و ئاشتییخوازانەی خۆپێشاندەرانین بەڵام دژی بەکارهێنانی تووندوتیژین له هەر لایەکەوە بێت. پشتگیرییش لە سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. هەروەها هیچ گۆڕانکارییەکیش لەدەرەوەی رێکارە دەستووریی و یاساییەکان پەسەند ناکەین و دژی هەر هەوڵێکیشین بۆ کەمکردنەوە و دەستکاریکردنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق و، رێگەش نادەین هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستووری عێراق رووبدات کە دژی ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بێت. داواش لە هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکەین کە یەکڕیز و یەکدەنگ بن بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان.

پاشان رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکی دەربارەی پلانی فریاکەوتنی مرۆیی بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆڵی تازەی پەنابەرانی سوریا بۆ هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان خستەڕوو. لەمڕووەوە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزیری ناوخۆی پەسەند کرد، بۆ دروستکردنی سندوقێکی هەمیشەیی فریاکەوتنی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بۆ هاندانی حکومەتی فیدراڵی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ولایەنە کۆمەک بەخش و رێکخراوە مرۆییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ناوخۆو دەرەوە بۆ بەشداریکردن لەم سندوقەدا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی ئامادەکردنی كارنامەی چوار ساڵەی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بوو لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راپۆرتێکی خستەڕوو. بڕیارە لە نزیکترین دەرفەتدا پەسەند بکرێت و جێبەجێ بکرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر پەلەکردن لە ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی و پەسەندکردنی کرد، بەمەبەستی ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان وەک کارە لەپێشینەکانی هیڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەم.

پاشان ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشنیاری هەمواری یەکەمی پەیڕەوی پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند کرد بۆ هەمواری پەیڕەوەکە بەڕەچاوکردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە لایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان خرانەڕوو.





ئەم هەواڵە 2113جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad