English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەوانەی رێژەی كۆلیسترۆلیان بەرزە چی بكەن
2019-11-03 [11:13 AM]

هەولێر ــ ZNA


کۆلیسترۆل ھاوکات دۆست و دوژمنی مرۆڤە، کاتێک ئاستەکەی ئاساییە مادەیەکی پێویستە بۆ ئەوەی لەش بەشێوەیەکی ئاسایی کار بکات، بەڵام ئەو کاتەی رێژەکەی لە خوێن بۆ ئاستێکی نائاسایی بەرز دەبێتەوە دەبێتە مەترسییەکی بێدەنگە و دەمانخاتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە کێشەکانی دڵەوە.

کۆلیسترۆل لە ھەموو خانەیەکی لەشدا بوونی ھەیە و چەندان ئەرکی زۆر گرنگی ھەیە، دەتوانرێت لەناو لەشدا بەرھەم بھێنرێت، ھەروەھا لە رێگەی خۆراکیشەوە دەست دەکەوێت و شێوەیەکی مۆمی ھەیە، کۆلیسترۆل پێکھاتەیەکی زەیتی ھەیە بۆیە تێکەڵ بەخوێن نابێت کە پێکھاتەیەکی ئاوی ھەیە، بۆیە لە رێگەی پڕۆتینە چەورییەکانەوە ھەڵدەگیرێت لەناو خوێن و بەرەو بەشەکانی لەش دەگوازرێتەوە. پرۆتینەکانی چەوری کەمچڕی"LDL" واتە کۆلیسترۆلی زیانبەخش و پرۆتینەکانی چەوری چڕی بەرز" HDL" واتە کۆلیسترۆلی سوودبەخش. 

کۆلیسترۆل لەناو لەشدا چوار ئەرکی سەرەکی ھەیە وەک لە خوارەوە ھاتووە:
١-بەشدارە لە بنیاتنانی دیواری خانەکانی لەش.
٢-بەشدارە لە پێکھاتنی ئاوگە ترشەکان بۆ ھەرسکردن لەناو ریخۆڵەکان.
٣-یارمەتی لەش دەدات بۆ بەرھەمھێنانی ڤیتامین دی.
٤-توانای لەش زیاد دەکات بۆ بەرھەمھێنانی چەند جۆرێک لە ھۆڕمۆنەکان.

ھۆکاری بەرزی کۆلیسترۆل چییە؟
بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیسترۆل یان (ھایپەر کۆلیسترۆلیمیا) یان (ھایپەر لیپادیمیا)، واتە بوونی رێژەیەکی زۆر و نائاسایی لە چەوری و بەز لەناو خوێن، کە ئەوەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دڵ و خوێنبەری تاجی دڵ دروست دەکات کە رەنگە جەڵتەی دڵ بەدوای خۆیدا بێنێت. 

پێویستە ئەوانەی کۆلیسترۆلیان ھەیە چی بکەن؟
پێویستە کۆنترۆڵی سەرچاوەی ھاتنی چەوری بۆ ناو لەش بکرێت کە زیاتر لە رێگەی خواردنەوە دەبێت.

١-کەمکردنەوەی خواردنی شەکر و شیرینی.
٢-خواردنی کاربۆھیدراتی ئاسان بۆ ھەرسکردن.
٣-دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی سوور و مێشک و گورچیلە و جگەری ئاژەڵ، ھەروەھا سەوسەج و ھەمبەرگەر. 
٤-دوورکەوتنەوە لە خواردنی کەرە و رۆن و رۆنی ئاژەڵ بەگشتی.
٥-باشترین زەیت زەیتی سۆیا و گەنمەشامی و گوڵەبەرۆژەیە.
٦-خۆت لە خواردنی ھێلکە و رۆبیان و خواردنی خێرا بەدوور بگرە.
٧زۆر خواردنی ئەو خۆراکانەی ریشاڵیان تیادایە وەک شۆفان و پاقلەمەنی و سێو و فەراولە.
٨-خواردنی ئەو خۆراکانە بەدژەئۆکسان دەوڵەمەندن وەک ڤیتامینەکانی ئی و سی.
٩-کەمکردنەوەی خواردنی خوێی چێشت و دوورکەوتنەوە لە خۆراکی لەقوتوونراو و پارێزراو وەک ماسی و زەیتوون و تورشی و پەنیری لەقوتوونراو. 
١٠-خواردنی سێ ژەم ماسی لە ھەفتەیەکدا.
١١-دوورکەوتننەوە لە خواردنەوە گازییەکان و کاکاو و قاوە و نەسکافە.
١٢-خواردنی سپێنەی ھێلکە و دوورکەوتنەوە لە خواردنی زەردێنەکەی.
١٣-خواردنی ژەمێک کە پێنج گرام پرۆتینی تیادا بێت بۆ پارێزگاریکردن لە گرنگی خۆراکی لەش و کەمکردنەوەی پرۆتین لەکاتی بەرزبوونی پەستانی خوێن.
١٤-چەرەزات گرنگی گەورەی ھەیە بۆ تێکشکاندنی کۆلیسترۆلی خوێن.

ئەو خۆراکانەی پێویستە نەیخۆین:
چەوری ئاژەڵ و چەوری نێوان شانەکانی گۆشتی ئاژەڵا و پێستی پەلەوەر و جگەر و گورچیلە و مێشک و سەوسەج و گۆشتی بەرخ و کەباب و تکە و جگەری باڵندە و رۆبیان و زەردێنەی ھێلکە.

ھەروەھا پێویستە خۆمان لە رۆنی مەیوی رووەک و زەیتی خۆرما و جۆزھیندی و کاکاو بەدوور بگرین، جیا لە رۆنی ئاسایی و کەرە و قەیماغ و کرێم و ئایس کرێم و ھەموو جۆرەکانی پەنیر.

چەند رێنوێنییەک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی چەوری ھاتوو لە رێگەی خۆراکەوە:
-وا باشترە لەبری گۆشتی ئاژەڵ سنگی مریشک و ھەموو جۆرەکانی ماسی و گۆشتی کەروێشک بخورێت.
-پێویستە بەر لە خواردنیان ماسی ناو قوتوو لە زەیتەکەی جیا بکرێتەوە ئینجا بخورێت.
-خواردنی شیر و ماست و پەنیری کەمچەوری. بەڵام بەو ھۆیەی زۆرینەی جۆرەکانی پەنیر چەورییەکی زۆریان تیادایە، بۆیە خۆتیان لێ بەدوور بگرە. 
-باشترە پەنا بۆ خواردنی کاربۆھیدراتی ئاڵۆزی دەوڵەمەند بەریشاڵ ببردرێت.
-لەکاتی ئامادەکردنی چێشت وا باشترە برژان یان کوڵاندن لەناو ئاو یان بەکارھێنانی ھەڵم و فڕنی مایکرۆیڤ بەکار بھێنرێت لەبری سوورکردنەوە و لەرۆن برژاندن.
-باشترە بڕێکی زۆر لە میوەجات و سەوزە بخورێت. 
-خۆت لە خواردنی ھەموو جۆرێک خواردنی ئامادەکراو بپارێزە کە بەچەوری دەوڵەمەندن.
-خۆت لە خواردنی کێک و کەعک و شوکوڵاتە و پسکویت بەدوور بگرە بەھۆی بوونی ترشە چەوری زیانبەخش.

رێژەی کۆلیسترۆل لە ھەندێک جۆری گۆشت و پەنیر:
-مێشک بۆ ١٠٠ گرام  بڕی ٢ ھەزار ملیگرامی تیادایە.
-گورچیلە بۆ ١٠٠ گرام بڕی ٣٧٥ میلیگرامی تیادایە.
-جگەر بۆ ١٠٠ گرام بڕی ٣٠٠ میلیگرامی تیادایە.
-زەردێنەی یەک ھێلکە بۆ ١٠٠ گرام بڕی ٢٥٢ میلیگرامی تیادایە.
-رۆبیان بۆ ١٠٠ میلیگرام بڕی ١٥٠ گرامی تیادایە.
-کابۆریا بۆ ١٠٠ گرام بڕی ١٠٠ میلیگرامی تیادایە.
-پەنیری شیدەر بۆ ١٠٠ گرام بڕی ٨٤ میلیگرامی تیادایە.
-مریشک بۆ ١٠٠ گرام بڕی ٦٧ میلیگرامی تیادایە.
-گوێچکە ماسی بۆ ١٠٠ گرام بڕی ٥٠ میلیگرامی تیادایە.
-شیری چەور بۆ یەک کووپ بڕی ١٤ میلیگرامی تیادایە.





ئەم هەواڵە 922جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad