English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕێكخراوی ئاشتیی جیھانی و كۆمپانیای چینی: ده‌مانه‌وێت دەرفەتی كار بره‌خسێنین و بەشداربین لە گەشەسەندنی هەرێم
2019-11-03 [10:27 AM]

ZNA- هه‌ولێر


ڕێكخراوی ئاشتیی جیھانی و كۆمپانیای چینی بۆ بنیاتنان، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و لە دیدارێكدا رایانگەیاند، دەیانەوێت بێنە هەرێمی كوردستان و بەشداریی كارا لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمدا بكەن.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازی لە دكتور فەرهاد، سەرۆكی ڕێكخراوی ئاشتیی جیھانی و بەڕێز كارن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سی ئاڕ سی سی بۆ بنیاتنان كرد.

لە دیدارێكدا، دكتور فەرهاد، بەناوی شاندی میوانەوە سوپاسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كرد كە هاوكار بوون بۆ دروستكردنی هەماهەنگیی نێوان ڕێكخراوەكەیان و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم و ناساندنی كۆمپانیای سی ئاڕ سی سی چینی بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و كردنەوەی دەرگای بەسەریاندا و خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەی كە لە ئارادان.

بەڕێز كارن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای ناوبراو ڕایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت بێنە هەرێمی كوردستان و بەشداریی كارا بكەن لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانكردنەوە و، داواشی كرد كە هاوكاریی زیاتر بكرێن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان و هەمانگی لەگەڵ دامودەزگاكانی دەوڵەت و كۆمپانیا خۆماڵییەكان و، لەو ڕێگایەشەوە بتوانن خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا بكەن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، جەختی كردەوە كە ئەوان ئامادەی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكن بۆ وەبەرهێنەران و كۆمپانیا بیانییەكان و دروستكردنی هەماهەنگیی بەهێز بۆیان لەگەڵ حكوومەت و خەڵكانی خاوەن بەرژەوەندی، تاكوو بتوانن لە ڕێگایانەوە خزمەت بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن بەشداری بكەن لە بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و باشتركردنی بژێوی و گوزەرانی خەڵكی.

هەر لە دیدارەكەدا، بەڕێز سیوەیلی بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان سەقامگیرترین ناوچەی عێراق و باشترین ئاساییشی هەیە لە ناوچەكەدا، ئەمەش وای كردووە كە جێگایەكی گونجاو و پارێزراو بێت بۆ وەبەرھێنان. لە هەمان كاتدا هەرێمی كوردستان یاسایەكی مۆدێرنی وەبەرھێنانی هەیە، كە جێگای بڕوا و سەرنجی وەبەرھێنەرانی بیانییە، "ئێمە داواكارین كە ڕێكخراوی ئاشتیی جیھانی بتوانێت لە ڕێگای كاری ڕێكخراوەییان كۆمپانیا جیهانییەكان و وەبەرهێنەران بە كوردستان ئاشنا بكەن تاكوو بتوانن ببنە بەشێك لە گەشەی ئابووری و ئەو سەركەوتنانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتوونەتە كایەوە.

جێگای باسە، ڕێكخراوی ئاشتیی جیھانی، ئامانجیان بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و باشكردنی ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانەیە، كە بە هۆكاری جیاواز و باردۆخی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی  ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە. هەروەها ڕێكخراوی سی ئاڕ سی سی، كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی وڵاتی چین، مەبەستیانە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن و دەرفەتی كار بڕەخسێنن و بتوانن بەشدار بن لە گەشەسەندن و بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی كوردستان.





ئەم هەواڵە 739جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad