ZNA- ههولێر ئەندامێكی لیژنەی هاوبەشی حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی گوتی، حكوومەتی هەرێم بۆ تەواوكردنی پڕۆژەیاساكە چاوەڕێی بیروبۆچوونی لایەنەكان دەكات و تاوەكو ئێستاش بەشێك لە لایەنەكان بۆچوونی خۆیان ئاراستەی حكوومەت نەكردووە، بۆیە هۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەیاساكە، بەشێك لە لایەنەكانن نەك حكوومەت. پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ: "بیروبۆچوونی خۆمان گەیاندووەتە حكوومەت و داوامان كردووە چاكسازی بە یەك پاكێج بكرێت".
محەمەد ئیلخانی، ئەندامی لیژنەی هاوبەشی حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی حكوومەت و پەرلەمان، داوا لە لایەنەكان كرا كە بیروبۆچوونی خۆیان رەوانە بكەن بۆ ئەوەی حكوومەت ئامادەی بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا بەشێك لە لایەنەكان بیروبۆچوونی خۆیان رەوانە نەكردووە و هەركاتێك رەوانەیان كرد، حكوومەت پڕۆژەیاساكە دەنێرێتە پەرلەمان".
ئیلخانی گوتیشی: "هۆكاری دواكەواتنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، بەشێك لە لایەنەكانن نەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە حكوومەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە".
لای خۆشیەوە، سەعید هەركی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی 11كەسی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكە بە سەرۆكایەتیی وەزیری داد پێكهاتووە و كاری خۆیان دەكەن، سەرۆكی فراكسیۆنی ئێمە و گۆڕانیش بیروبۆچوونی خۆمان ئاراستەی حكوومەت كردووە و ئێمە لەگەڵ ئەوەین چاكسازی تەنها لە مووچە نەبێت و هەمووی بە یەك پاكێج بكرێت".
هەركی دەشڵێ: "هەر كاتێك پڕۆژەیاساكە گەیشتە پەرلەمان، ئێمە رەنگە هەندێك ئیزافاتمان هەبێت، بەڵام رێگر نین لە بەردەم ئەو پڕۆژەیاسایەدا".
سهرچاوه: KDP
ئەم هەواڵە 2413جار خوێندراوەتەوە |