English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
 وردەكاریی تەرخانکردنی 420 ملیار دیناری حكوومەت بۆ پڕۆژە گرنگەكان
2019-11-05 [11:20 AM]

Z.N.A


بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 420 ملیۆن دۆلار بۆ چەند پڕۆژەیەكی گرنگ تەرخان دەكرێت.

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 500 ملیار دینار (420 ملیۆن دۆلار) بۆ چەندین پرۆژەی گرنگی وەک رێگاوبان، سایلۆ، هێڵەکانی کارەبا و تۆڕی دابەشکردنی ئاو خەرج دەكرێت.

مەسرور بارزانی، لە تویتێكدا لە رۆژی 17ی 10ی 2019دا، بە ئاماژەکردن بەوەی ژێرخانێكی مۆدێرن بناغه‌ی ئابوورییه‌كی مۆدێرنه‌ بۆ کوردستانێکی بەهێز، رای گەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ پرۆژەکانی رێگاوبان، سایلۆ، هێڵەکانی کارەبا و تۆڕی دابەشکردنی ئاو تەرخان کراوە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند ، لیژنەیەكی باڵای تەکنیکی دروست كراوە، ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەكانیان لەبەردەستە و ئەوان بڕیار دەدەن، کە چۆن پارە بۆ ئەو پڕۆژانە دابین بكرێت.

ئەو بڕە پارەیەی خەرج دەكرێت بۆ 184 پرۆژەی بچووکی گەشەپێدانی پارێزگاکان دەبێت، كە تێچوویان لەنێوان یەک تا دوو ملیۆن دۆلارە، لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن.

بەشێكی تری پارەكەش بۆ پڕۆژەی ستراتیژیی وەزارەتەکان دەبێت، ئەمانە 10 پرۆژەی ستراتیژیی گەورە لەخۆ دەگرن، کە دیارترینیان دروستکردنی سێ سایلۆی گەنم لە قوشتەپە، کەلار و بەردەڕەشە، جگە لە دروستکردن و چاککردنەوەی رێگاوبانەکانی کوردستان.

بەپێی زانیارییەكان، لەو 420 ملیۆن دۆلارە، بەشێكی پارەكە بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت، كە بەشێكی زۆری كارەكانیان كراوە و پارەیان پێ دەدرێت بۆ تەواوكردنیان، بەشێكی تری پارەكەش بۆ هەندێك پڕۆژەی تازە دەبێت، كە گرنگ و ستراتیژین.

پڕۆژەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبن و قۆناخ بە قۆناخ پارەكە خەرج دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، لیژنەی تەکنیکی دەستیان بە كاری خۆیان كردووە و پارەشیان بۆ هەندێك پڕۆژە تەرخان كردووە.

سه‌رۆ دزه‌یی، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان راگەیاند: “هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی حکوومه‌ت، که‌ درابێته‌ به‌ڵێنده‌ران و له‌ 85% به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی ته‌واو کرابێ، پاره‌ی کاش بە بەڵێندەرەکەی ده‌درێ بۆ تەواوکردنی پرۆژه‌که‌ی و ئه‌وانه‌ی له‌ 75%یان ته‌واو بووه‌، ده‌بێ تا 15-1-2020 پرۆژه‌کانیان ته‌واو بکه‌ن، تا پاره‌ی دیکه‌یان بۆ خه‌رج بکرێ”.

دزەیی جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بە خەرجکردنی 500 ملیار دینار، بازاڕی کوردستان دەبووژێنێتەوە و هاوکارییەکی باش دەبێ بۆ بەڵێندەران.

سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەران ئاشكراشی كرد، سەرۆکی حکوومەت لێژنەیەکی لە وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی پێک هێناوە، بۆ چاودێریکردنی پرۆژەکان، کە بە دوو شێواز و لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ دەکرێن.

سەرچاوە: باس
 





ئەم هەواڵە 952جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
بە ڤیدیۆ.. كاره‌ سه‌خت و نایابه‌كانى چه‌ند كرێكارێك
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad