ZNA - هەولێر
شەوی ڕابردوو ڕۆبێرت ئۆبرایان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری ڕوودانی تاوانی جەنگ لە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا بە کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکای راگەیاند، ئێمە بەتەواوی لەوەی تاوانی جەنگ لەو ناوچەیە ڕووی دابێت نیگەرانین.
ئاماژەی بەوەدا، ئێمە بە وردی چاودێری ئەم بابەتانە دەکەین، لە سەدەی 21دا جێگای جینۆسایدکردن و تاوانی شەڕ و پاکتاوی ڕەگەزی نابێتەوە.
ئۆبرایان وتیشی، ئەمریکا بە ئاسانی ئەو شتانە قبووڵ ناکات، بەرپرسانی تورکیاش بەڵێنیان پێ داوین مەسەلەی تاوانی شەڕ تاوتوێ بکەن.
روونی كردەوە، ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست یەک لە باشترین ڕێککەوتنەکان بوو چونکە کورد دەرفەتی ئەوەی پێدرا، بەرەو ناوچەیەکی دیکە بجووڵێت و گیانی خۆی بپارێزێت و هەر ئەوەش وای کرد گیانی سەربازە ئەمریکییەکانیش پارێزراو بێت.
لە دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا چەندین هەواڵ و ڕاپۆرت لەبارەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و ئەنجامدانی تاوانی جەنگی دژی کوردی سووریا دەرکرا و میلیشیا و ئوپوزسیۆنی توندڕەوی سووریا کە لە لایەن تورکیاوە پشتگیری دەکران تۆمەتباری سەرەکین لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.
كوردپرێس
ئەم هەواڵە 2308جار خوێندراوەتەوە |