English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئه‌و خواردنانه‌ى پێویستە لە وەزری سەرمادا فەرامۆشیان نەکەین
2019-11-26 [11:26 AM]

هەولێر ــ ZNA


وەزری سەرما، وەک چۆن پێویستی بەوەیە خۆمان باشتر دابپۆشین بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ هەوی سارد پێمان دەگات چونکە لەگەڵ خۆی نەخۆشیی دەهێنێ، ئاوا پێویستیشە بزانین لە ڕووی خۆراکیشەوە مامەڵە بکەین و بزانین چی دەخۆین، چونکە جه‌سته‌ی مرۆڤ له‌ وه‌رزی زستاندا پێویستی به‌ جۆره‌ خۆراكێكی جیاوازه‌  به‌ به‌راورد به‌ سێ وه‌رزه‌كه‌ی تری ساڵ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وزه‌یه‌كی زۆرتر بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر هه‌ڵبگرێت.

 

گۆڕانی جۆری خواردن له‌ زستاندا، مه‌رج نییه‌ به‌ زیادكردنی كالۆری بێت كه‌ زۆر كه‌س به‌ هه‌ڵه‌ تێی گه‌یشتوون و هه‌میشه‌ له‌ زستاندا كێشیان زیاد ده‌كات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ دووپات له‌و جۆره‌ خواردنانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ وزه‌ی زۆرتر له‌ جه‌سته‌دا ده‌هێڵنه‌وه‌.

 

به‌پێی توێژینه‌وه‌ی پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستیی خۆراك، له‌ زستاندا پێویسته‌ جۆرێتیی خواردن زۆرتر هه‌مه‌ڕه‌نگ بكرێ و ده‌بێ جگه‌ له‌ سێ ژه‌مه‌ خواردنی سه‌ره‌كی، دوو ژه‌می لاوه‌كیش هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ هه‌ست به‌ برسێتی نه‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هه‌ستی سه‌رما، بۆیه‌ وا باشتره‌ دوای ژه‌می ئێواره‌، ئه‌و میوانه‌ بخورێ كه‌ پڕیانه‌ له‌ ڤیتامین C و ئه‌و چه‌ره‌سات و خواردنانه‌ش له‌ ڕۆژه‌كه‌دا له‌بیر نه‌كرێن كه‌ ڤیتامین E له‌خۆ ده‌گرن. ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی تووشنه‌بوون به‌ ئه‌نفلۆنزا و كۆكه‌.

 

شۆربای سه‌وزه‌ و گه‌رم، وه‌ك شۆربای سڵق، سپێناغ، لۆبیای ته‌ڕ و زۆری تر، گه‌رمیی زۆر له‌ جه‌سته‌دا دروست ده‌كه‌ن و نایه‌ڵن تووشی سه‌رما ببێت، هه‌روه‌ها پرۆتینه‌ به‌هێزه‌كانی وه‌ك، نۆك، پاقله‌، گه‌نمه‌شامی، كه‌ستانه‌، نیسك و زۆری تر، چونكه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌ستی برسێتی ناهێڵن و جه‌سته‌ به‌ گه‌رمی ده‌هێڵنه‌وه‌.

 

هه‌ر له‌و خواردنانه‌ی پێویسته‌ له‌ زستاندا بخورێت، بریتین له‌ كاسته‌ر و محه‌له‌بی، نانی بۆر، په‌تاته‌، گێزه‌ر، ئه‌مانه‌ش جێی مڕه‌با و شوكولاته‌ و شیرینی ده‌گرنه‌وه‌ كه‌ زۆركه‌س ئه‌وانه‌ له‌ زستاندا زۆر ده‌خوات و ده‌بنه‌ هۆی قه‌ڵه‌وی.

 

بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تیشكی خۆر كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ڤیتامین Dیه‌ و له‌ زستاندا كه‌مه‌، پێویسته‌ شیر و به‌روبوومه‌ ئاژه‌ڵییه‌كان بخورێت، به‌ تایبه‌تی ماسی.

 

مۆز، میوه‌ ترشه‌كان، ماسی، چواله‌، بندق و فستق جگه‌ له‌ سووده‌ گشتییه‌كانیان بۆ وه‌رزی زستان، ده‌بنه‌ هۆی لابردنی هه‌ستی بێزاری و خه‌مۆكی و بۆ شه‌وانی درێژی زستان كه‌ دڵه‌ڕاوكێ و گرفتی ده‌روونی دروست ده‌كات، سوودی زۆریان هه‌یه‌.

 

كاتێك كه‌سێك به‌هۆی سه‌رماوه‌ تووشی په‌تا ده‌بێ، پێویسته‌ خواردنه‌وه‌ گه‌رمه‌كان بخواته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سكچوونیشی له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌وا په‌تاته‌ و شیر و مۆز باشترین چاره‌سه‌ری سروشتین.

 

له‌ كاتی خواردنه‌وه‌ی چا و قاوه‌، ئه‌گه‌ر پێویستیت به‌ شیرینی بوو، له‌جیاتی شه‌كر، هه‌نگوین به‌كار بهێنه‌.

 

دوای ئەو ڕێنوێنییانەی سەرەوە، دەکرێ لێرەدا بە گشتی باسی ئەو خواردنانە بکەین کە گرنگە هەموو کەسێک لە زستاندا بایەخیان پێ بدات و بیانخوات کە هەریەکە لەبەر هۆکارێکی تەندروستی، لەلایەن پسپۆڕانی بواری خۆراکەوە دەستیشان کراون.

بەگشتی هەموو خواردنە ڕووەکییەکانی لە زستاندا پێ دەگەن، سوودیان بۆ جەستە هەیە و دەبنە بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، بە تایبەتی میوەکان. ئەگەر سەرنج بدەی، هەنار و میوە مزرەکان بە گشتی لە زستاندا زۆرن، ئەوان سوودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنن و دەبنە هۆی بەرگرییەکی بەهێز. هەروەها خواردنەوەی گەرم بە تایبەتی شیر بۆ ئەوەی بەردەوام قووڕگ گەرم بکەنەوە و خواردنی شۆربا و خۆپاراستن لە ساردەمەنییەکان.

 

ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکانی زستان بوون وەک ئەنفلۆنزا، دەتوانن هەر بە خواردن خۆیان چارەسەر بکەن بەبێ ئەوەی ناچاری ئەوە بن تووشی بەکارهێنانی دەرمان بن. پسپۆڕانی پزیشکی هەمیشە بە ئامۆژگاریی جۆراوجۆ چەندان جۆر خواردنیان دیاری کردووە.

 

ئه‌و خواردنانه‌ی توێژه‌ران ئاماژه‌یان پێ كردووه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

 

- شۆربه‌ی مریشك: هاوكاری ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ وه‌رزییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌وكردنه‌وه‌ به‌هۆی سه‌رماوه‌.

 

- ترشه‌كان، وه‌ك لیمۆ، پرته‌قاڵ، لاله‌نگی، سندی، كیو كه‌ پڕیانه‌ له‌ ڤیتامین C، چونكه‌ دژه‌ ئۆكسانن و به‌ ڕێژه‌ی 23% له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی سه‌رما پاراستووه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌مان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ له‌ بیبه‌ری سوور، گوێز و ته‌ماته‌شدا هه‌یه‌.

 

- سیر و پیاز و كه‌وه‌ر، پڕیانه‌ له‌ چه‌ندان جۆر پاككه‌ره‌وه‌ و به‌رگری له‌ نه‌خۆشییه‌كان به‌تایبه‌تی بۆ تووشنه‌بوون به‌ ئه‌نفلۆنزا.

 

زه‌نجه‌بیل، قوڕگ هێواش و پاك ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌موو ماده‌ كیمیاییه‌كان و ڤایرۆسه‌كان له‌ناو ده‌بات و نایه‌ڵێ تووشی كۆكه‌ ببیت و ئازارشكێنیشه‌.

 

- هه‌نگوین، چاره‌سه‌ره‌ بۆ زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كان و پاككه‌ره‌وه‌یه‌ و دژه‌ ئۆكسانه‌.

 

- ماست، جۆره‌ به‌كتریایه‌كی تێدایه‌ كه‌ ڕێگه‌ له‌ هه‌موو ڤایرۆسه‌كان ده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ لاشه‌ و بڵاو ببنه‌وه‌.

 

- قارچك، یاریده‌ده‌ره‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان و كۆئه‌ندامی به‌رگری به‌هێز ده‌كات.





ئەم هەواڵە 8740جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad