English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راگەیاندراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
2019-12-05 [08:14 AM]

ZNA-هەولێر


سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەر هیزەکانی پیشمەڕگە دەڵێت "ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە داعش كۆتایینەهاتووە و هەرەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش".

نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی (داعش) هێشتا درێژەی هەیە.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان رایگەیاندووە، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەنەوە "هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك".

 

دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان 

پەلاماری داعش بۆ سەر لیوایەكی پێشمەرگەی كوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستیی یەك لە دوایەكی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاساییش، شەڕی لەنێوبردنی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی هێشتا درێژەی هەیە.

ئێمە لە كاتێكدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە نەمرانە دەنێرین كە لە تێكشكاندنی پەلامارەكەی داعشدا گیانیان سپارد و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكانمان دەخوازین و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانمان دەكەین، هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە و هێزە چەكدارەكانی دیكەی كوردستان وەك هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی هەر جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان لە هەر مەترسییەك.

جارێكی دیكەش جه‌خت لەوه‌ دەكەینەوە كە داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەكەن بۆ فروانكردنی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیەش پێویستە هاوپەیمانیی دژە داعش بە هەمان گوڕ و تینی جارانه‌وه‌ بەردەوام بێت و رێگە نەدرێت تیرۆریستان بارودۆخی نالەباری عێراق و ناوچەكە بقۆزنەوە، هەوڵەكانیش چڕ بكرێنەوە بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی شێواوی عێراق و گێڕانەوەی سەقامگیری.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان

٥-١٢-٢٠١٩

 





ئەم هەواڵە 1858جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad