English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بەشداری لە کۆبوونەوەی سندوقی هاریکاری مەداد بۆ پرسی پەنابەرانی سوری لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کرد بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و باڵیۆزی وڵاتانی
2019-12-05 [10:04 AM]

ZNA- هەولێر


 

د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بەشداری لە کۆبووونەوەیەکی تایبەتی 
سندوقی هاریکاری مەداد بۆ پرسی پەنابەرانی سوری‎ لە کۆمسیۆنی ئەوروپا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی سووریا تێدا بەشدار بوون.

د. دلاوەر ئاژگەیی وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستەسەر پرسی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەکرد کەوا لە ئێستادا 95% ی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350000 پەنابەری سوری لە خۆگرتبوو. وە لە دوای هاتنی شەپۆڵی نوێی پەنابەران لە سوریا تاکو ئێستا زیاتر لە 18000 کەسیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە درێژەی وتارەکەیدا، د. دلاوەر ئاژگەیی داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کە بەدەنگ هاوکاری و یارمەتیدانی ئەو ئاوارەو پەنابەرانەوە بێن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە ژمارەیان بە گشتی دەگاتە 1.5 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری سوری. 

هاوکات باسی لە هەوڵ و پلان و ئامادەکاریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی هەزارەها ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها پلانی ئامادەکراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەر سەرجەم وڵاتانی ئەندامی بەشدار لە کۆبوونەوەکە و کۆمسیۆنی ئەوروپا دابەش کرد کە بووە جێگەی سەرەنج و تێڕوانینی بەشداربووان.

ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامادەکاری یەکێتی ئەوروپا دێت بۆ ساڵی داهاتوو 2020 وە بڕیارە لە پلانەکە گرنگی بە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و هاوکاری ئەو ئاوارەو پەنابەرانە بکرێت کە هەرێمی کوردستان لەخۆی گرتوون. 

شایەنی باسە سندووقی هاریکاری مەداد بریتییە لە کۆکردنەوەی هاریکاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و کۆمسیۆنی ئەوروپا کە تایبەتە بە قەیرانەکانی سووریا و بە مەبەستی بەدەنگەوەهاتنی ئەو وڵاتانەیە کە ئاوارەی سووریان لە خۆگرتووە. 

مەداد لە ساڵی 2015دا پێکهێنراو لەو ماوەیەدا نزیکەی 1.5 ملیارد یۆرۆ هاریکاری کۆکردۆتەوە. مەداد لە ساڵانی ڕابردوودا چەند پرۆژەیەکی لە عێراقدا ئەنجامداوە کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان بوون و بڕیارە پرۆژەی زیاتریش لە ئاییندە ئەنجام بدات.





ئەم هەواڵە 2836جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad