English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و وڵاتان
2019-12-08 [09:49 AM]

نووسینی: دکتۆر. هێمن میرخان


پەیوەندی هێزە کوردستانییەکان و دواتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و ئەکتەرە بیانییەکان لە سەدەی رابردوودا و تاوەکو ئێستاش گرنگی خۆی هەبووە و رۆڵی چارەنووسسازیان بینیووە لەسەر ستاتووس و پێگەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان. لە یادی دوو ساڵەی سەردانی گرنگی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی فەرەنسا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کە وەک دەستپێک وابوو بۆ کۆتاییهێنانی گەمارۆی دیپلۆماسی لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان، لەم گوتارەدا باس لە رۆڵی پڕبایەخی کاریزماتیک و هەروەها دیپلۆماسی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لەڕێگەی دانبەخۆداگرتنی ستراتیژیانە و سیاسەتی بەشداریکردن توانی رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە دروستکردن، ئاراستەکردن و جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.

 

هانس مێرگێنتۆ، لە گرنگترین زاناکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت و سەر بە قوتابخانەی ریالیسمە و نووسەری کتێبی بەناوبانگی 'سیاسەت لە نێوان نەتەوەکان'ە، پۆلێنی هێزە نەتەوەییەکان دەکات بەگوێرەی رووبەر و شوێنی جوگرافی، ژمارەی دانیشتووان، پێشکەوتنی ئابووری، توانای سەربازیی، کارەکتەری نەتەوەیی و لە کۆتاییشدا توانای دیپلۆماسی. مێرگێنتۆ پێیوایە کە بەبێ دیپلۆماسیەتێکی پراگماتیک و کاریگەر و پشت بەستن بە بیردۆزی هاوسەنگی هێز، هەموو هێزە نەتەوەییەکانی دیکە ناتوانن بە دروستی ئامانجی دەوڵەت و نەتەوە بهێننەدی.  

 

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو ئێستا بریتی بووە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دوورکەوتنەوە لە هاوکێشە و گرفتەکان لە ناوچەکە و بونیادنانی پەیوەندی ستراتیژیک و درێژخایەن لەگەڵ بەغدا و هەردوو وڵاتی گرنگی ناوچەکە کە ئێران و تورکیان. جێی بایەخە کە ئاماژە بەو بابەتە بدەین کە لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان رۆڵی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەداری میانڕەو و پراگماتیک و کاریگەر لە پاراستنی هاوسەنگی هێز بە روونی بەدیارکەوت. ئەوە وایکرد کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە سیسەتڤانی ئیدارەکردن و لەناوبردنی قەیران ناوزەد بکرێت. پرسیار ئەوەیە ئیستا چ وانەیەک دەتوانرێت لەو ئەزموونە وەربگیرێت؟ 

 

لە پێج ساڵی رابردوودا، حکومەتی پێشوو لەناو چوار قەیرانی گەورەدابووە، لەوانە شەڕی تیرۆریستانی داعش، هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەر و ئاوارە، دابەزینی نرخی نەوت و راگرتنی بودجەی گشتی و دواتریش لێکەوتەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر، کە هەر یەک لەو قەیرانانە بەتەنیا بەسە بۆ داڕوخاندنی هەر حکومەتێک، چ بگاتە هەرێمی کوردستان کە ئەکتەرێکی نا دەوڵەتییە. 

 

دیپلۆماسیەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە خۆڕاگری و ئارامگرتن لە بەرامبەر قەیرانەکان و بەشداریپێکردنی هەموو ئەکتەرە سەرەکییەکان لە دەوری بەرژەوەندی هاوبەش، وانەی گرنگ بوون کە توانی مەترسی بۆ دەرفەت بگۆڕێت و لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان ببێت بە کارەکتەرێک لە چارەسەری گرفتە ستراکچەری و درێژخایەنەکانی عێراق و ناوچەکە. پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە چۆن دەکرێت ئەم یادەوەری سەرکردایەتییە ببێت بە براندێکی کوردستانیی کە لە رێگەیەوە رۆڵی گرنگتر ببینێت لەچارەسەکردنی قەیرانەکان لە داهاتوودا.

 

ئێدگار شێین، لە زانکۆی ئێم ئای تی ئەمریکی لە کتێبی کولتووری دامەزراوەیی و سەرکردایەتی باس لە رۆڵی سەرکردە دەکات وەک گرنگترین فاکتەر لە رەنگدانەوەی روانگە و ئەجێندای کار و کولتووری دامەزراوەیی. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە باڵاترین پێگەی سیاسی و فەرمی هەرێمی کوردستانە، تاوەکو ئێستا توانیویەتی یەکدەنگی، بەردەوامی و روونی لە روئیای سەرکردایەتیکردن لەکاتی قەیرانەکان دروستبکات و ئەم کولتوورە کە لەخۆی و لە سیاسەتی گشتی حکومەت دەبینێتەوە بگوازێتەوە بۆ ئۆرگانەکانی حکومەت و لەو رێگەیەوە توانیویەتی ئەزموونی مامەڵەکردن بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان بەکاربهێنێت لەڕێگەی پاراستنی هاوسەنگی هێز و بوون بە فاکتەری ئەرێنی لە هاوکێشە ناوچەییەکان. دەکرێت ناوی ئەم سیاسەتە بە دۆکتۆرینی سیاسەتی ئارام و ستراتیجی بەشداریکردن بهێنین، کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش بایەخی خۆی هەیە بەو پێیەی کە متمانە و هێز دروستدەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتان و لەو رێیەشەوە دروستکردنی سیناریۆی بەرژەوەندی دوولایەنە یاخود چەند لایەنە پەرەدەستێنێت. 

 

گەڕان بەدوای بەرژەوەندی نیشتمانی، پەرەپێدان بە سیاسەتی پێکەوەژیان، فرەڕەهەندی بەرژەوەندی نیشتمانی، پاراستنی هاوسەنگی هێز لە هاوکێشە هەرێمییەکانداو، پێکهاتن لەگەڵ بەغدا و کۆتایی هێنان بە بڕینی بودجەی کوردستان و نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچە وەک نموونە، هەروەها لە ناوخۆدا لە متمانەسازی و کۆکردنەوەی هەموو دەنگ و رەنگەکان لەژێر چەتری یەکدەنگی و یەکگوتاری لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی / نیشتمانیی، لە نیشانەی سەرکردایەتیکردنی سەرکەوتووانەی قەیرانەکانە. ستایشی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکی رووسیا لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی رووسیا، پەیوەندی باش لەگەڵ دەوڵەتمەدارانی تورکیا و ئێران و وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئەوروپی، هەمووی فاکتەری گرنگن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە  پێگەیەکی تایبەتی پێدەبەخشێت وەک  ئەکتەرێکی کاریزماتیک و باوەڕپێکراو و لەڕێگەیەوە هەڵکشانی پێگەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەکردن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

 

بۆ رووبەڕوبونەوەی قەیران، پێویستیمان بە دۆکتەرینەک هەیە لەڕێی بەکارهێنانی بیری دامەزراوەیی حکومەتی پێشوو کە رەنگدانەوەی هەبێت لە سیاسەت و دیپلۆماسی واقعبینانە. لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێگەیەکی باڵا و شیا و کە بتوانێت رۆڵی ناوەندگیری ببینێت لەو ئاڵەنگیریانەی کە رووبەڕووی عێراق و ناوچەکە دەبنەوە. دەکرێت لەکۆتایدا بڵێین  دۆکتۆرینی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەربازبوون لە قەیران بۆ دوورکەتنەوە لە قەیرانە  کە ئێستای کوردستان زۆر پێویستی پێیەتی.





ئەم هەواڵە 616جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad