English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری كارەبا : بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم گەیشتووەتە 3 هەزار و 800 مێگاوات
2019-12-16 [11:57 AM]

ZNA- هه‌ولێر


وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە چارەكردنی كێشەی كارەبای دهۆك و سۆران و زاخۆ و زێدەڕۆیی و بەستی پێوەری كارەبا دەكات و دەشڵێ، بۆ یەكەم جار بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم لە تۆڕی نشتیمانی گەیشتووەتە 3 هەزار و 800 مێگاوات كارەبا.

ئەندازیار كەمال محەممەد ساڵح، لە دیمانەیەكی تایبەتدا سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی كارەبای شاری دهۆك، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هێڵی گواستنەوەی كارەبای خەبات – زەنگەنان لەلایەن كۆمپانیای هێرۆ لە ماوەی چوار مانگدا بە درێژایی 33 كم و بە بڕی 7 ملیۆن و 425 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت، كە ئێستا ماوەكەی بەرەو كۆتایی دەڕوات و لە نێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە و بە فەرمی دەكرێتەوە، چونكە ئێستا 99 لە سەدی كارەكانی تەواو بووە و تەنها چەند رێكارێكی كەم ماوە، كە لە ماوەی هەفتەیەكدا كارەكانی لەسەدا سەد تەواو دەبێت، ئەمەش یەكەم جارە پڕۆژەیەك بەر لە وادەی خۆی تەواو دەبێت‌."

وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند: "بە تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانرێت 440 مێگاوات كارەبا لە تۆڕەكانی هەرێم بۆ پارێزگای دهۆك بگوازرێتەوە یاخود بەپێچەوانەوە لەوانەیە بەرهەمهێنان لە دهۆك هەبێت بۆ هەولێر و دەتوانرێت بە هەمان هێڵ بگەڕێتەوە، بەمەش شاری دهۆك هاوشێوەی شارەكانی تر پشكی تەواوی خۆی كارەبای بۆ دەچێت، چونكە ئێستا 30 بۆ 50 مێگاوات كارەبای كەمترە"‌.

ئەندازیار كەمال محەممەد دەشڵێت: "سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گرنگی زۆر بە چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای دهۆك داوە و لە دەیەوێ ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت".

لەبارەی رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم لە ئێستادا، وەزیری كارەبا روونی كردەوە: "پێویستیی خەڵك لەم وەرزە و مانگی 12 لە نێوان 4500 تا 6000 مێگاواتە، ئەو رێژە كارەبایەی هەشمانە 3800 بۆ 3885 مێگاواتە، ئەمەش‌ بۆ یەكەم جارە بەرهەمهێنای كارەبای هەرێم بگاتە ئەم رێژەیە، كە بەمەش لە نێوان 10 بۆ 11 سەعات كارەبا دەدرێت".

سەبارەت بە كەوتنەكاری وێستگەی نوێی كارەباش گوتی: "وێستگەی خەبات 300 مێگاواتە، كە ئێستا بەشێك لە كاردایە و 160 مێگاوات كارەبا دەدات، بەشی دووەمیش تا كۆتایی ئەم مانگە دەكەوێتە نێو تۆڕی گشتییەوە، هەروەها نزیكەی 150 تا 200 مێگاوات كارەبا لە وێستگەی خورماڵەوە دێتە ناو تۆڕی گشتییەوە، بەمەش دەتوانین بڵێین مانگی 11 و 12ی ئەمساڵ 500 مێگاوات كارەبا زیاد بووە".

لەبارەی پڕۆژەی كارەبای قەزای زاخۆ و سۆران و وێستگەی دەربەندیخانیش، وەزیری كارەبا ئاماژەی دا: "پڕۆژەی كارەبای سۆران 11 ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و ئەمڕۆ تەندەر دەدرێت بە كۆمپانیا، پڕۆژەی زاخۆش دوێنێ كرایەوە كە 11 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، هەروەها وێستگەی كارۆئاوی دەربەندیخانیش بە دوو قۆناغ كاری لەسەر دەكەین و پارەی بۆ تەرخان كراوە، 3ملیۆن و نیو دۆلاریش بۆ كڕینی یەكەیەكی تازە و 170 ملیۆنیش بۆ چاككردنەوەی بەشی كۆن‌ دابین كراوە".

پەوەست بە بەستنی پێوەری زیرەكیش لە هەرێمی كوردستان، وەزیری كارەبا رایگەیاند: "بەستنی پێوەری زیرەك قۆناغی باشی بڕیوە، لە مانگی 8ی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 92 هەزار پیوەر هاتۆتە گرێدان لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان و بەردەوامە."

"ماوەیەكمان دیاری كردووە بۆ ئەوانەی زێدەڕۆییان كردووەتە سەر كارەبا تا 2 ی مانگی 1ی 2020 ئەوەی پێوەری كارەبای نەبێت، دەبێت گرێی بدات، ئەگەر نا هەر چوار پارێزگا هەڵمەتێك ئەنجام دەدەن بۆ لابردنی زیادەڕۆییەكان،" كەمال محەمەد وای گوت.





ئەم هەواڵە 2752جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad