English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به‌رهه‌م ساڵح: هاوپه‌یمانی بینا كاندیدی خۆیان ده‌ستنیشان كردووه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران
هاوپه‌یمانی بینا
2019-12-23 [05:06 AM]

​ZNA – هه‌ولێر


سەرۆك کۆماری عێراق، رایگەیاند، کە داواکارییەکی لە هاوپەیمانی بینا پێگەیشتووە كه‌ ئه‌وان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی کاربەڕێکەر، قوسەی سوهەیل-یان وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێشکەش کردووە.

بەرهەم ساڵح نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە لەبارەی گەورەترین فراکسیۆن کە مافی کاندیدیکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقی هەیە.

لە نووسراوەکەدا سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەم داواکارییەکی فەرمی لە هاوپەیمانی بینا پێگەیشتووە تیایدا و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان گەورەترین هاوپەیمانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانن و کاندیدی ئەوان بۆ سەرۆک وەزیران، قوسەی سوهەیلە.

هاوپەیمانی بینا چەند هێزێکی سیاسیی شیعە نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت لەسەروویانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری (خاوەنی ٤٧ کورسییە لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران) و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالکی خاوەنی ٢٦ کورسییە لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەی سەرۆك کۆماری عێراقدا ئەوەش هاتووە هاوپەیمانی سائیروون کە لە لایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت لە ٣ی کانوونی یەکەم بە نووسراوی فەرمی پێیان راگەیاندووین کە ئەوان کوتلەی گەورەن و مافی ئەوانە کاندیدی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکەن.

سەرۆك کۆماری عێراق لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، داواکارییەکی بە واژووی ١٧٤ پەرلەمانتار پێگەیشتووە کە مەرجەکانی کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاری دەکات و داوا دەکەن کە کەسی کاندیدکراو دەبێ کەسێکی سەربەخۆ بێت و پێشتر هیچ پۆستێکی وەزیر یان بریکاری وەزیری وەرنەگرتبێت، هەروەها هەڵگری رەگەزنامەی هیچ وڵاتێکی دیکە نەبێت.

بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالی كه‌ بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییه‌ لە عێراق، کوتلەی گەورە پێکهاتووە لە لیستێک یان دوو لیست و زیاتر(هاوپەیمانی) لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا.

هاوپەیمانیی سائیروون رایگەیاندووە کە ئەوان گەورەترین کوتلە و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ بوون بەو پێیەی خاوەنی ٥٤ کورسیین لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران.

بەهۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی سەرەتای ئەم مانگە سەرۆک وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە.

 





ئەم هەواڵە 922جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad