ZNA - هەولێر
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی بەغداد ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا ناچار بکات وڵاتەکە جێبهێڵن، لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس رایگەیاند، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا هیچ سوودێکی نییە.
ماس بە ڕادیۆی دوچلاند فۆنکی گشتی رایگەیاند، پێم وانیە بە هەڕەشەکردن بتوانی باوەڕ بە عێراق بهێنیت، بەڵکو دەبێت گفتوگۆ بکەیت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتیشی ئەڵمانیا لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسادا تاوتوێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەكەن و لەم هەفتەیەدا وەڵامی ڕاگەیەندراوەکانی ئەمدواییانەی ئێران سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە دەدەنەوە.
دوێنێ یەکشەممە ئێران ڕایگەیاند دەستبەرداری ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەری لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە دەبێت و بەوەش هەنگاوێکی دیکە دەنێت بەرەو کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا واژووی کردووە.
رۆیتەرز
ئەم هەواڵە 4165جار خوێندراوەتەوە |