English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمریکا هەرەس بە ئابووریی عێراق دەهێنێت
2020-01-12 [12:49 PM]

ZNA-هەولێر


رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرنال)ی ئەمریکی لەزاری سەرچاوەکانییەوە، بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەمریکا ھەڕەشەی ئەوەی لە عێراق کردووە، کە ئەگەر سووربێ لەسەر دەرکردنی ھێزە ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەی، ئەوا ”پارەی نەوتی عێراق لە ھەژماری ئەو ولاتە لە بانکی یەدەگی ئەمریکی، سڕ دەکرێت“.

عێراق ھەموو داھاتەکانی نەوتی وڵاتەکەی لەو بانکەئەمریکییەدا دادەنێت و بە جێبەجێکردنی ئەو ھەڕەشەیەش لەلایەن ئەمریکاوە، ئابووریی عێراق ھەرەس دەھێنێت و سیستەمی بانکی لەو وڵاتە مایەپووچ دەبێت.

رۆژنامەکە ھەروەھا بڵاوی کردووەتەوە، کە بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو ھەڕەشەیەی وڵاتەکەی لەڕێی تەلەفۆنەوە بە عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزێرانی کاربەڕێکەری عێراق، گەیاندووە.

بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکی خزمەتگوزاریی بانکی پێشکەشی ٢٥٠ بانکی ناوەندی و سیستەمی دارایی وڵاتانی جیھان دەکات.

ئەو ھەڕەشەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە ٥-١-٢٠٢٠، بەھۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی ھێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٨-١-٢٠٢٠، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت ٢٢ مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (١٧ مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای ھەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای ھەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ھێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی ھیچ ھێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ٣-١-٢٠٢٠، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەھۆی بۆردومانەکەوە، ھەریەکە لە ئەبومەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە ١١-٣-١٩٥٧ لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژھەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.





ئەم هەواڵە 2047جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad