English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمریکا هەڕەشەی سزایەکی دیکە لە عێراق دەکات
2020-01-15 [08:03 AM]

ZNA- ھەولێر


دوای لێدوانی پەرلەمانتارێکی میلییشیاکانی حەشدی شەعبی، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزایەکی دیکە لە عێراق دەکات.

رۆژی دووشەممە 13-1-2020، کەریم علێوی، ئەندامی کوتلەی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی حەشدی شەعبی) و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕنال)ی ئەمریکی راگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەنیازە سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی بکڕێ بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی خۆی و بۆ ئەو مەبەستەش، سێ مانگ لەمەوبەر شاندێکی عێراق سەردانی رووسیای کردووە.

جۆی هود، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، وڵاتانی هاوبەشی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە دوور بکەونەوە لە کڕینی چەکی رووسی.

جۆی هود هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر عێراقدا کردووە، ئەگەر سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی بکڕێت.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هەرەسهێنان بە ئابووریی عێراقی کردبوو، کە ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیی بدات، ئەوا هەموو پارەی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سڕ دەکرێت.

ئەو هەڕەشەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 5-1-2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.





ئەم هەواڵە 7345جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad