English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڤایرۆسێکی نامۆ و نەزانراو لە چین 17 کەس دەکوژێت و بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە
2020-01-22 [05:48 AM]

ZNA - هەولێر


 

کاربەدەستانی تەندروستی لە چین داوا لە خەڵکی شاری وهان دەکەن کە نەچنە قەرەباڵغی و شوێنە گشتییەکان، پاش هۆشدارییە نوێیەکان لەسەر شیانی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیەی هەتا ئێستا 400 کەس توشی بوون و بەلایەنی کەم17 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ئەم داواکارییەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستەیەکی شارەزای سەربەخۆی ڕاسپاردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەوەی ئایە پێویست دەکات ئەم ڤایرۆسە وەکو حاڵەتی نائاسایی جیهانی لێی بڕوانرێت یان نا.

 

ژمارەی حاڵەتە نوێیەکان لە چین زۆر بەخێرایی بەرز دەبێتەوە. هەتا نیوەشەوی سێشەممە 444 حاڵەت لە 13 ناوچەدا پشتڕاست کراونەتەوە.

 

لی بن جێگری بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی نیشتمانی تەندروستی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند " ئەو ڤایرۆسە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە و کارمەندانی تەندروستیش دەیگرنەوە، بەڵگەکان نیشان دەدەن ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی هەناسەدانەوە گوازراوەتەوە و شیانی گۆڕانکاری لە شێوازی نەخۆشییەکەدا هەیە."

 

ئەم نەخۆشییە بەشێکە لە توخمی کرۆناڤایرۆس، ئەو ڤایرۆسانەی کە لە هەڵامەتی ئاساییەوە بگرە هەتا نەخۆشییە قورسەکانی وەکو SARS یش دەگرێتەوە کە ئەوەی لە ساڵانی 2002 بۆ 2003 لە چینەوە بڵاو بۆوەو نزیکەی 800 کەسی کوشت.

 

ئۆفیسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئاسیا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە " ڕەنگە لە ئێستادا حاڵەتەکانی گواستنەوە لە مرۆڤەوەبۆ مرۆڤ بەردەوام بێت، کە شیانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە خێراتر زیاد دەکات."

 

کاربەدەستان ڕۆژی چوارشەممە لە تایلەند چوار حاڵەتیان پشتڕاست کردەوە کە یەکێکیان تایلەندییەو سیانی تریش گەشتیاری چینین. ژاپۆن، کۆریای باشور و تایوانیش هەر یەکەو حاڵەتێکیان لە وڵاتەکانیان ڕاگەیاندووە. هەمو ئەوانەش کە لەو وڵاتانەدا نەخۆشکەوتوون خەڵکی وهانی چینن کە بەم دواییانە گەشتیان بۆ ئەو وڵاتانە کردووە.

 

ئەمەریکاش یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکەی ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیاند. کاربەدەستانی تەندروستی لە ولایەتی واشنتنی باکوری ڕۆژئاوای ئەمەریکا ڕایانگەیاند پیاوێک کە لە شاری وهانی چینەوە لە هەفتەی ڕابوردوو گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریکا ئەو ڤایرۆسەی هەڵگرتبوو و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە بەڵام ڕەوشی تەندروستی جێگیرە. ئەوان دەڵێن حاڵەتەکەی نەبۆتە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی تیمی پزسشکی یان ستافی نەخۆشخانەکە.

 

کاربەدەستان لە فڕۆکەخانەکانی نیویۆرک، لۆس ئەنجلس و سانفرانسیسکۆ پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە لە هوانەوە دەگەن. نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا دەڵێت لەم هەفتەیەدا فڕۆکەخانەکانی ئەتلانتا و شیکاگۆش زیاد دەکەن.

 

سەرۆکی تایوانیش ڕۆژی چوارشەممە داوای لە چین کرد هەمو زانیارییەکان لەسەر ئەو ڤایرۆسە نوێیە بڵاو بکاتەوە تا تایوانیش بتوانێت ڕێگەری بکات لە بڵاوبوونەوەی.

 

چێن تایوان بە ئەندامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نازانێت و ڕێگە نادات لە هیچ کۆبونەوەیەکدا بەشداری بکات. هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە تایوانییەکان گەشت بۆ چێن دەکەن یان لەوێ دەژین.

 

voa





ئەم هەواڵە 3691جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad