English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە داڤۆس .. هەرێمێك لە ناو دەوڵەتاندا
2020-01-22 [06:14 AM]

نووسینی: ئاریان فەرج



هەرێمێك لە ناونیشانە یاساییەكەی گەورەتر، تاكە جوگرافیایەك بێ ئەوەی دەوڵەت بێت، ئیرادە و دووربینی و سیاسەتی ئابوریی دروست، خستبێتییە سەر نەخشەی ووزەی جیهانی،
هەرێمێك توانیبێتی بە كەمترین دەرفەت، سەرباری دژایەتی و ئاستەنگ، گەشە بكات و ببوژێتەوە و سەرنجی دوونیا راكێشێ، لە نێو كێڵگەی بەرهەمهێنانی توندئاژۆییدا بێت و بەڵام نەك هەرتۆوی توندرۆیی تێدا نەتروكێ، بەڵكە سەنگەری یەكەمی دژایەتی تیرۆربێ، سەرۆكەكەی لە جەنگی شكاندنی ئەفسانەی داعشدا، پێشمەرگەی مەیدان بێ.
هەرێمێك لە نێو دەوروبەرێكی بارگاوی بە رق و تۆڵەكاری، بێ ئامان و بێ ئۆقرە وهەمیشە قەیراناویدا، لێبووردەیی و ئاشتەوایی و پێكەوەژیان كولتووری بێت، لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاكە ناوچەیەك بێت هەموو تایەفە بەشەڕهاتووەكان، پەیڕەوانی ئایینزا پێكناكۆكەكان، پەنای بۆ بێنن و تییدا ئۆقرەبگرن و ملیۆنان ئاوارە و لێقەوماوی شەڕ داڵدە بدات. 
هەرێمێك بتوانێ لە نێو ئاگرباراندا، نیعمەتی ئاساییش بە ئاستێك دابین بكات، نەك هەر دانیشتووانەكەی، بەڵكە میوانان، دیبلۆماتكاران، وەبەرهێنەران لەهەر چوارگۆشەی دونیاوە بێ سڵەمینەوە رووی تێبكەن و ئاسودە و پارێزراو بن.
 هەرێمێك لە ناوچەیەكدا كە قەیرانی حوكمڕانی، نەمانی پردی متمانەی نێوان گەلان و حكومەتان و لێكترازانی سیاسی ناونیشانی بن، ئەم بپەرژێتە سەر یەكخستنی نێوماڵ، چاكسازی و عەدالەتخوازی، هەنگاو بەرەو حوكمداریی رەشید. 
 هەرێمێك لە ژینگەیەكی نامۆ بە دیموكراسی و تەژی لە تاكڕەوی و نكۆڵیكاری و پاكتاوخوازیدا، دەست و پەنجە لەگەڵ ئازادی، فرەیی سیاسی و بەها سەردەمییەكاندا نەرم بكات، لە دەوروبەرێكی داڕوخاودا، بیناكاری هەڵچنێ و لە نێو مەرگدۆستیدا، ژیاندۆستی بژێنێتەوە. 
هەرێمێك بتوانێ هاوسەنگیی خۆی لە ململانێی تەشەنەسەندووی ناوچەكەدا بپارێزێ، لە نێو پەرچەكرداروهەڵچووندا، عەقڵانییەت و ئارامی لەدەستنەدات، رێچارەی هێورببونەوە پیشانی بەشەڕهاتووەكان بدات، پەرۆشی بەردەوامیی هاوپەیمانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێت دژ بە داعشی دوژمنی هاوبەشی هەمووان، لە نێوان دراوسێ و دۆست و هاوپەیماناندا فاكتەری لێكگەیشتن بێت، كاربكات گەلەكەی و گەلانی مەینەتدیدەی عێراق و ناوچەكەش بە ئاگری شەڕ نەسوتێن و خاكیان نەبێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێ.
هەرێمێك بەم پەیام و روانگایەوە، بە توێشووی ئەزمونێكی سەركەوتووی دەگمەن لە نێو ژینگەیەكی پڕ شكستدا، هەرێمێك كە بەشێك نییە لە هۆكاری كێشە و بەدبەختییەكانی ناوچەكە، دەتوانێ بەشێكی كاریگەر و لێوەشاوەی چارەسەربێت، هەر بۆیەش لە كۆڕبەندی جیهانیان و لەهەر مەحفەلێكدا سۆراغی چارەسەر بكرێت، هەمیشە كوردستان بە قەبارەی دەوڵەت، دەوڵەتێكی كاریگەر، بانگهێشتكراو و رێزلێگیراو و گوێلێگیراوە. 
پەرۆشیی ئامادەكارانی كۆڕبەندیی ئابوری داڤۆس بۆ بانگهێشتی ساڵانەی سەرۆك و رابەرانی كوردستان، بە تایبەتیش ئەمساڵ كە ناوچەكە لە هەژان و بەردەم پێشهاتی ترسناكدایە، پێشوازیی شاندی كوردستان لەسەر بەرزترین ئاستی بەشداران، كۆبونەوەی سەرۆك ترەمپ و سەرۆك نیَچیرڤان بارزانی، لە سادەترین لێكدانەوەدا، نزیكبوونەوەی بڕیاربەدەستانی جیهانە لەو راستییە ویژدانییەی هەمیشە سەرۆك مەسعود بارزانی بە گوێیدا دەدان و دەیگووت: ئێمە هۆكاری بێ ئۆقرەیی نین لە ناوچەكەدا، ئێمە عاملی ئیستقرارین.





ئەم هەواڵە 1321جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad