ZNA-هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و ماستەر و دکتۆرا، لەھەمان کاتدا بڕیاری گۆڕانگاری لە وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و دەستپێکردنی ساڵی خوێندنیش کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦/١/٢٠٢٠، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە ، تێیدا عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیاران و پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی و ماستەر و دکتۆرا، لەسەر ڕاسپاردەی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی، بەمەش گۆڕانکاری بەسەر ماوەی پێشکەشکردن و تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنی ساڵی خوێندن دێت، گۆڕانکارییەکانیش بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- ماوەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا: تاوەکوو ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو ٢/٢/٢٠٢٠ درێژ کرایەوە.
- تاقیکردنەوەی توانستی زانستی: ڕۆژی دووشەممە ١٠/٢/٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت.
- دەستپێکردنی خوێندن: ڕۆژی ١/٣/٢٠٢٠
ئەم هەواڵە 2755جار خوێندراوەتەوە |