English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گۆڤارێكی ئه‌مریكی: قاسم سوله‌یمانی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس ده‌سهه‌لاتیان له‌ عادل عبدلمه‌هدی زیاتربوو
2020-02-04 [07:54 AM]

ZNA- هه‌ولێر


قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس دڵی پڕۆژه‌ی ئێران و میلیشیاكانی له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بوون. به‌پێی راپۆرتێكی گۆڤاری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، كوژرانی ئه‌و دوو فه‌رمانده‌یه‌ و به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ ره‌گداكوتانی زیاتری میلیشیاكان له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی، ئابووری و ئیدارییه‌كانی عێراقدا دروستده‌كات.

 

مایكڵ نایتس، لێكۆڵه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتن و ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ی گۆڤاری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر (کە گۆڤارێکی سەر بە سەنتەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمە لە ئەمریکا)، له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی باڵای به‌غداوه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سوله‌یمانی و موهه‌ندیس له‌ نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق باڵاده‌ستتر بوون، ئه‌وه‌ش به‌و پێیه‌ی ئه‌بوجیهاد (محه‌ممه‌د ئه‌لهاشمی) كه‌ به‌رپرسێكی نزیك له‌ سوپای پاسدارانه‌، له‌ پۆستی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكوه‌زیران دانرابوو، ئاسایش و كاری ئیداریی ئۆفیسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن میلیشیاكانی نزیك له‌ سوپاوه‌  به‌ڕێوه‌ده‌بران.

 

جیا له‌مه‌، موهه‌ندیس تۆوی بێمتمانه‌یی چاندبوو له‌نێوان عه‌بدولمه‌هدی و هێزه‌ نامیلیشیاییه‌كان، به‌ جۆرێك ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی دروستكردبوو كه‌ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هه‌واڵگریی نیشتمانیی عێراق له‌ دژی سه‌رۆكوه‌زیران پیلان داده‌ڕێژن.

 

بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرته‌كه‌، نایتس له‌ دوو ساڵی رابردوودا شه‌ش جار سه‌ردانی عێراقی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 60 كه‌سایه‌تی سیاسی، سه‌ربازی و بازرگانیی عێراق قسه‌ی كردووه‌. سیاسییه‌كان به‌رپرسانی هه‌ره‌ باڵای عێراقیان تێدابووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆریشیان كه‌سایه‌تی سیاسیی شیعه‌ی نزیك له‌ ئێران بوون. ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ دوای ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ موهه‌ندیس له‌ 2019 چه‌قی نفووزی سوپای قودس بووه‌ له‌ عێراق، به‌ جۆرێك نوخبه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌ "پارێزگاری سه‌ربازیی ئێران له‌ عێراق" له‌ قه‌ڵه‌میان داوه‌.

 

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، میلیشیاكان له‌ بزنسی عێراقیشدا باڵاده‌ست بوون، به‌وه‌ قازانجیان به‌ خۆیان و ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی ده‌گه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ش نموونه‌ی شبل ئه‌لزه‌یدی، دامه‌زرێنه‌ری كه‌تایبی ئیمام عه‌لی ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی بزنس و كۆنتڕۆڵكردنی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی عێراق بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین پیاوه‌كانی عێراق. حیزبوڵڵای لوبنان له‌ رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گروپانه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ستی له‌ عێراق وه‌رگرتووه‌.

 

چوار بانكی كه‌رتی تایبه‌تیش خستنه‌ڕووی دۆلاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی دراوی قورس بۆ ئێران به‌ده‌ستبهێنن. میلیشیاكان دزه‌یان كردووه‌ته‌ ناو سیسته‌می دیجیتاڵیی مووچه‌ی عێراق و ناوی فه‌رمانبه‌ری وه‌همییان خستووه‌ته‌ نێو سیسته‌مه‌كه‌وه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مانگانه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار به‌ده‌ستدێنن. حه‌شد كۆمه‌ڵێَك كێڵگه‌ی بچووكی نه‌وتیشی كۆنتڕۆڵ كردووه‌، له‌وانه‌ش كێڵگه‌ی نه‌جمه‌، گه‌یاره‌، پوڵخانه‌ و ئه‌لاس.

 

له‌ باشووری عێراق، میلیشیاكانی حه‌شد كۆمپانیاكانی لۆجستیك و گواستنه‌وه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌، له‌و رێگه‌وه‌ هه‌م قاچاخ و فرۆشتنی نه‌وتی ئێران به‌ناوی نه‌وتی عێراق په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن، هه‌م نه‌وتی خاو و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی عێراق ده‌فرۆشن و هه‌م باج له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ داده‌نێن كه‌ دێنه‌ ناو عێراقه‌وه‌.

 

ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ناو هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش قسه‌ی كردووه‌ كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ئه‌یلوولی 2019 میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران رێگرییان كردووه‌ له‌و هاریكارییانه‌ی هاوپه‌یمانان بۆ شه‌ڕی دژی داعش بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقیان ده‌نارد. له‌ ئاداری 2019ه‌وه‌، فالح فه‌یاز به‌پێی رێنماییه‌كانی موهه‌ندیس، په‌یوه‌ندیی نێوان حه‌شدی هۆزه‌ سوننه‌كان و هاوپه‌یمانانی پچڕاندبوو.

 

هه‌ر له‌ هه‌مان سه‌روبه‌نده‌دا، سوپای به‌در ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاسمانیی مه‌ده‌نیی عێراقدا گرت و ده‌ستی به‌ داخستنی سنووری ئاسمانیی عێراق به‌ڕووی فڕۆكه‌ سیخوڕییه‌كانی هاوپه‌یماناندا كرد، هه‌روه‌ها گوشاره‌كان زیادیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی راوێژكاره‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژی داعش به‌لاوه‌ بنرێن. به‌ده‌ر له‌مه‌ میلیشیاكانی حه‌شد ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ نووسینگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌كارده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ ناسراوه‌كان لابدرێن، كه‌ دیارترینیان فه‌ریق روكن عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لساعدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عێراق بوو.

 

نایتس پێیوایه‌ به‌ حوكمی باڵاده‌ستی سیاسیی موهه‌ندیس، نفووز و پشكی بودجه‌ی هێزه‌ فه‌رمییه‌ عێراقییه‌كان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ میلیشیاكان روو له‌ داكشان بوو.

 





ئەم هەواڵە 3592جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad