English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق هۆشداریدەدات لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
2020-02-08 [02:48 AM]

ZNA-هەولێر


لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشداریدەدات و داوای تووندوتۆڵکردنی رێوشوێن و پشکنینەکان دەکات، هاوکات پەرلەمانتارێکی عێراقیش هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەڕێگەی بەندەری ئوم قەسر و کەشتییە چینییەکانەوە.

 

فارس بریفکانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و گەنگەشەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکان و کەنداوی عەرەبی لە بەسرە.

 

جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "لە کەنداوی عەرەبی لە سنووری پارێزگای بەسرە، جموجۆڵێکی زۆری بازرگانی هەیە، بەڵام پشکنین زۆر لاوازە و لە ئاستی پێویست نییە، ئامێری پێشکەوتووش بەردەست نین، بۆ ئەو مەبەستەش داوای 10 ملیۆن دۆلارکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت ئامادەنییە دابینیان بکات".

 

فارس بریفکانی ئاماژەی بەوە کرد، بەرلەوەی ڤایرۆسەکە بەمجۆرە تەشەنە بکات، خەڵکێکی زۆر لە کەنداوی عەرەبەوە چوونەتە بەسرە، بۆیە دەبێ رێوشوێنەکان تووندبکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش شانەیەکی قەیرانمان دروستکردووە.

 

هاوکات جەمال محەممەداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای بەسرە رایگەیاند، هاتنی کەشتییەکان لە چینەوە بە کارمەندی چینی، یاخود فلیپینی بۆ بەندەری ئوم قەسر، بەبێ ئەنجامدانی هیچ پشکنینێکی پزیشکی کە ئەگەری هەیە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە تەواوی عێراقدا.

 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، هەندێک لە وڵاتان رێگەنادەن ئەو کەشتییانە لە بەندەرەکانیان لەنگەربگرن، لەترسی ئەوەی نەوەک ڤایرۆسەکە بۆ وڵاتەکەیان بگوازرێتەوە، بەڵام ئەو کەشتییانە بەبێ ئەنجامدانی هیچ پشکنینێک، یاخود پاککردنەوەی تەندروستی دێنە بەندەری ئوم قەسر.

 

جەمال محەممەداوی داوا لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەکات بەپەلە لیژنەی پزیشکی بنێرێتە بەندەرەکان بۆ پشکنین و دڵنیابوون لە سەلامەتیی کارمەندە چینییەکان، یاخود ئەوانەی لە چینەوە دێن؛ ئەمەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوەیە لە مەترسیی هاتنی ئەو ڤایرۆسە بۆ بەندەرەکان.

 

پەرلەمانتارەکەی عێراق بە پێویستی دەزانێت تیمی تەندروستی و پزیشکی لە سەرجەم دەروازە ئاوییەکانی عێراق دروستبکرێن بۆ رێگریکردن لە مەترسیی هاتن و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەڕێگەی هێنانی کاڵاکان، یاخود گەشتیاران و هەر رێگەیەکی دیکە بێت.

 

تاوەکو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لانیکەم 724 کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 32 هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون، جگە لە چین لە هەریەکە لە فلیپین، هۆنگ کۆنگ، ئەمریکا و ژاپۆن گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە.





ئەم هەواڵە 2425جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad