English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سانا... هێزەکانی حکومەتی سوریا گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزیەوە
2020-02-17 [06:11 AM]

ZNA - هەولێر


 

ئەمرۆ دووشەممە ئاژانسی هەواڵی سانای حكومەتی سوریا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی لە ناوچەیەکی نزیک دیمەشق دۆزیوەتەوە کە پـێشتر لە ژێر دەستی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندا بووە.

سانا ڕایگەیاند گۆڕەکە لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات دۆزراونەتەوە و ئێسگ و پـروسکی نزیکەی 70 کەسی تێدایە کە کەسی سڤیل و کارمەندی ئاسایش بوون بە دەستی گروپە تێرۆرستیـیەکان کوژراون.

گروپەکانی دژ بە حکومەت و توندڕەوەکان بۆ ماوەی 6 ساڵ بوو ئەو ناوچە نیمچە شاریـیەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشقیان لە ژێر دەستدا بوو هەتا ساڵی 2018 کە هێزەکانی حکومەت لە پاش سەپاندنی گەمارۆیەکی درێژ و خوێناوی توانیان کۆنترۆڵی بکەنەوە.

کاربەدەستێکی باڵای پۆلیس بە ئاژانس سانای گوتووە پێدەچێت ئەو کەسانە لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2014 کوژرابن.

گۆڕە بە کۆمەڵەکە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی سەرەکی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵات ئەو ناوچەیەی پێشتر لە ژێر دەستی گروپی ناسراو بە جەیش ئەلئسلام بوو.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسان بۆ سانا، زۆربەی قوربانیـیەکان کە لە نێویاندا ژنانیش هەن بەستراونەتەوە و بە گولە لە سەریان دراوە.

چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لەم چەند ساڵانەی دواییدا لە سوریا دۆزراونەتەوە، زۆربەشیان لەو ناوچانە بوون کە پێشتر لە ژێر دەستی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بوون.

بە گوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ 380 هەزار کەس کوژراوان لەوەتای جەنگ لە ساڵی 2011 وە دەستی پێکردوە، وە بە هەزارانیان تا ئێستا بێ سەرو شوێنن ، هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵەی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ داوایان لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەو کەسانە بکەن.





ئەم هەواڵە 2686جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad