English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری ناوخۆ: ھەموو سنوورە نافەرمییەکان دادەخرێن و پەیوەندییە بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت
2020-02-22 [11:56 AM]

ZNA - هەولێر


 

بەمەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبەشداری ھەریەک لە وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی، وەزیری گواستنەوەی گەیاندن ئانۆ جەوھەر، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد دلشاد تاڵەبانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووتیار عادل، ھەر چوار پارێزگاری ھەولێر، دھۆک، سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی، کۆبووەوە.

 

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد گوتی: ''کۆبوونەوەکە بەشێوەی فراوان بوو، ناوخۆ، خاڵەسنوورییەکان، فرۆکەخانەکان، وەزارەت و پارێزگاکان تیایدا بەشداربوون چونکە ڤایرۆسەکە لە ئیران بڵاوبووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستە شەوی رابردوو چەندین رێنماییمان دەرکردووە و گشتاندنی بۆ کراوە''.

 

رێبەر ئەحمەد دڵنیاییشی دا ھاووڵاتییان کە ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکخراوی تەندروستی جیھانی بەشدارن لە چالاکییەکانییاندا.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران، رێبەر ئەحمەد گوتی: ''ھەموو سنوورە نافەرمییەکان دادەخرێن و پەیوەندییە بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت و، ئەو ھاووڵاتیانەیشی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان لە حاجی ئۆمەران و پەرویزخان و باشماخەوە دێنەوە ھەرێم و، ھەموو رێکارێک بۆ پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەگیرێتەبەر و، ماوەی ١٤ رۆژ دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە''.

 

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوایشی لە میدیاکان کرد کە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و لەبارەی گرانبوونی نرخی ماسک لە دەرمانخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی پێداویستی پزیشکی گوتی: ''ئێمە ھەموو رێکارەکانمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بازاڕ قۆرخ نەکرێت، رێگا نادەین ھیچ کەلوپەل و پێداویستییەکی پزیشکی بچێتە دەرەوە''.

 

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی گوتی: ''نەخۆشخانانەکان ئامادەن و شوێنی جیاکراوە ھەیە، لەکاتێکدا تا ئێستا ھیچ حالەتێک یان گومانلێکراوکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە، ئەگەر بوونی ھەبێت و قەبارەکەی زیاتر بێت، ئەوە شوێنی فراوانتر دیاری دەکەین، ئێستا مەترسی تەنیا لە گەشتیاران ھەیە''.





ئەم هەواڵە 2416جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad