English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ڕاگه‌يه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركردايه‌تيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان
2020-02-24 [05:10 AM]

ZNA- هەولێر



 
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/2/2020 به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركرده‌ى لايه‌نه‌ سياسييه سه‌ره‌كييه‌كان، به‌ به‌شداريى شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فيدرالى عێراق، كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام درا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان و به‌ڕێز محه‌مه‌د عه‌للاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو.
دواى گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شانده‌كه‌، له‌ ڕوانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌يشته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌:
1- كار بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تێك ده‌كه‌ين كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.
2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن به‌ڕێز عه‌ڵلاوييه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ حكوومه‌تى ئاينده‌ داخوازيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.
3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فيدرالى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى نيشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.
4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسيدارى مێژووييدا تێده‌په‌ڕێت، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنيشن و بگه‌نه‌ بڕيارێكى يه‌كگرتووى نيشتمانى.
5- له‌پێناو هێنادى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.





ئەم هەواڵە 1747جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad