English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مستەفا چاوڕەش: من بەرپرسی یەكەی حەفتام و مەحموود سەنگاوی جێگره‌
2020-02-25 [07:26 AM]

ZNA- هه‌ولێڕ


ململانێ نێوخۆییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئەمجارەیان فەرماندەیی یەكەی 70ی یەكێتی گرتووەتەوە، لە كاتێكدا كۆسرەت رەسووڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی، هەوڵی گەڕاندەوەی شێخ جەعفەر بۆ یەكەی 70 دەدات بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریداوە ببێتە سەرپەرشتیاری یەكەی 70، بەڵام بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دەیانەوێ مەحموود سەنگاوی فەرماندەی یەكەی حەفتا بێت. مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70 دەڵێ تائێستا هەر ئەو كەسی یەكەمی ئەو هێزانەیە.

 

سەرچاوەیەك  بۆ رووداو  ئاشكرای كردووه‌" لەلایەن لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانییەوە داوا لە مەحموود سەنگاوی كراوە پۆستی فەرماندەیی یەكەی 70 وەربگرێت، بەڵام ئەو هێشتا بە تەواوی قایل نەبووە و لەسەری رێكنەكەوتوون".

 

دوای ئەوەی شێخ جەعفەر، فەرماندەی پێشووی یەكەی 70، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی وەرگرت، مستەفا چاوڕەش كرایە فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70. وەك سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ كرد "مستەفا چاوڕەش و مەحموود سەنگاوی پێكەوە لە بارەگای فەرماندەیی یەكەی 70 دەوام دەكەن، بەڵام تائێستا مۆرەكە هەر لای مستەفا چاوڕەشە".

 

مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70 پشتڕاستیكردەوە كە شێخ جەعفەر و مەحموود سەنگاوی هاتوونەتە یەكەی 70 و گوتی: "كاك مەحموود ئێستا لە ژوورەكەی من دەوام دەكات و رێزم لێگرتووە. من خۆم بە عاقڵانە ئەو وەزعەم ئیدارە كردووە، بەڵام هەر من بەرپرسی هێزی حەفتام"، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە شێخ جەعفەر وەك سەرپەرشتیار و مەحموود سەنگاوی وەك جێگری سەرپەرشتیارن. 

 

مەحموود سەنگاوی ساڵانێكە بەرپرسی میحوەری گەرمەسێر و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بەر لە كۆنگرەی چوارەم ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو. وەستا رەسووڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە " مەحموود سەنگاوی گوتوویەتی چیدی بەرپرسیارێتی میحوەر ناكەم، بۆیە هێنایانەوە ناو فەرماندەیی، بەڵام ئەوە بە ناخۆشی نەبووە".

 

(رووداو) چەند جارێك پەیوەندی بە مەحموود سەنگاوییەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، بەڵام شێخ جەعفەر رەتیكردەوە هیچ كێشەیەك لەنێوان ئەو و مەحموود سەنگاوی روویدابێت.

 

مستەفا چاوڕەش جەختی لەسەر ئەوە كرد كە " فەرمانەكە دەرچووە، هەرچەند ئاراستەی من نەكراوە. ئێمە رەفیقی یەكین و زۆر سرووشتییە، بەڵام وەك بەرپرس بەرپرسی من نین"، سەبارەت بە هۆكاری دانانیان لەو دوو پۆستەدا گوتی "دەبێ لەو كەسە بپرسن كە دایناون". كاتێك پرسیاری لێكرا مەبەستی كۆسرەت رەسووڵە، لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، رەنگە ئەو بە پێویستی زانیبێ و لای ئێمە سرووشتییە".

 

بەرپرسێكی ئاگادار لە دۆخەكە لە سەركردایەتیی یەكێتی زانیاری زیاتریدا و گوتی "ئەوەی من ئاگاداربم شێخ جەعفەر و كاك مەحموود بە رێككەوت پێكەوە چوونەتە یەكەی 70، كاك مەحموود گوتوویەتی من بە ئەمری كاك كۆسرەت دانراوم و شێخ جەعفەریش گوتوویەتی من و كاك كۆسرەت قسەمان كردووە و بابەتەكەمان بڕاندووەتەوە، ئیتر یەك دوو قسەیەك لە نێوانیاندا روویداوە، بەڵام هەردووكیانیان راگرتوون و پێیانگوتوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەچینە لای كاك كۆسرەت".

 

هەفتەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بە 93 دەنگ وەك هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵبژێردران. بەرپرسە ئاگادارەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات رووداوەكانی ئەم دواییەی یەكەی 70 دابڕاو نین لەو گۆڕانكارییانەی لە سیستەمی سەركردایەتی یەكێتیدا كراون، چونكە "ئەو برادەرانەی بە سیستەمی هاوسەرۆكی رازی نین، بیر لەوە دەكەنەوە كە هەرچەند پێگەیان لە دەستداوە، بەڵام هێزی سەربازی لەدەستنەدەن".

 





ئەم هەواڵە 2890جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad