English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کەسێکی نزیکی عەللاوی: لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوون و ناتوانین بیانکەینە دوو بەش
2020-03-01 [07:31 AM]

ZNA- هه‌ولێر


کەسێکی نزیکی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق رایدەگەیەنێت، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە یەکگرتوویی کۆبوونەوە دەکەن و ئەوان ناتوانن لایەنە کوردستانییەکان بکەنە دوو بەش.

محەمەد خالیدی، سەرۆکی کوتلەی بەیاریقولخەیر لە پەرلەمانی عێراق، کە میدیا عێراقییەکان بە کەسێکی نزیک لە محەمەد عەللاوی ناوی دەبەن، رایگەیاندووە، عەلاوی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کرد.

محەمەد خالیدی هەروەها رایگەیاندووە، لایەنە شیعەکان بە مەرجی رازیکردنی لایەنە کوردستانییەکان، دەنگ بە کابینەکەی عەللاوی دەدەن.

ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە شیعەکان تەنیا رازیکردنی کوردیان لەسەر محەمەد عەللاوی کردووەتە مەرج، چونکە لایەنە کوردستانییەکان پێچەوانەی سوننەکان، داواکانیان یەک خستووە و ناتوانرێ بکرێنە دوو بەرە.

بڕیارە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2020، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەللاوی، ساز بکات.

ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەنجام درا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران،کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی شەممە (دوێنێ) دوا خرا و دواتر لەسەر داوای محەمەد عەللاوی، خرایە ئەمڕۆ یەکشەممە.

تا ئێستا کورد و بەشێکی سوننە لە کابینەی محەمەد عەللاوی رازی نین و باس لەوە دەکەن، کە عەللاوی تاکڕەوی کردووە و حکوومەتەکەی بە پەراوێزخستنی کورد و سوننە، پێک دەهێنێت.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر کابینەکەی عەللاوی لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە متمانە بەدەست نەهێنێت، ئەوا محەمەد عەللاوی چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی کاتیی عێراق لەدەست دەدات.

شەوی شەممە 1-2-2020، سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی وڵاتەکەی راسپارد، تاوەکو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.

عەللاوی لە یەکەم لێدوانیدا، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە خۆپیشاندانەکانیان و رایگەیاند، ”ئەگەر نەتوانم داواکاریی خۆپیشاندەران بەجێ بهێنم، شایستەی ئەو پۆستە نیم“.

عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.

دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.





ئەم هەواڵە 12709جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad