English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی راپۆرتێکی (OCHA) دەداتەوە
2020-03-05 [04:33 AM]

ZNA - هەولێر


رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی راپۆرتێکی (OCHA) رایگەیاند، داوا دەکەین گرنگی بە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بدرێت لە کەمپەکان کە ئەگەری تووشبوون بەم ڤایرۆسە لەو شوێنانە زیاترە و کۆنتڕۆڵکردنیشی کارێکی ئاسان نابێت

بەم دوایە نووسینگەی رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA) راپۆرتێکی تایبەت بە پلانی خۆی سەبارەت بە رەوشی راگوێزراوان لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئازاکردنی زۆربەی ناوچەکانی دەست داعش و نەمانی دەسەڵاتی بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، بەڵام بەشێکی زۆری راگوێزراوان ئامادە نین بگەڕێنەوە و ژیانی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە باشتر دەزانن لە  گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان.

لەلایەن خۆیەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی راپۆرتی ناوبراو و هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی راگوێزراوان وتی: لەرووی ئەمن و ئاسایشەوە ناوچەکە تا راددەیەک ناسەقامگیرە وەک بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش و مین و تەقەمەنی و  بێبەش بوونی ناوچەکانیان لە خزمەتگوزاری پێویست وەک ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبا، هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئەم ئاوارانەیە بۆ سەر زێدی خۆیان، تەنانەت بەشێکیان کە کەمپەکانیان جێهێشتوو دووبارە ژیانی نێو کەمپەکانیان هەڵبژاردووە و ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم رووەوە زیاتر وتی: لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2014 هەرێمی کوردستان زۆرترین ژمارەی راگوێزراوی لە خۆ گرتووە، هاتنی ئەم لێشاوەی ئاوارە وپەنابەران بووە هۆی زیاد كردنی دانیشتوانی هەرێم بە رێژەی 23% ئەمەش قورساییەكی زۆری لەسەر هەرێم درووستكردووە لە رووی ئابووری و داراییەوە، سەرەڕای ئەمە حكومەتی هەرێم شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینكردووە لە كەمپەكان كە ژمارەیان دەگاتە (39) كەمپ بۆ ئاوارە و (9) كەمپ بۆ پەنابەرانی رۆژئاوا، حکومەتی هەرێم (70 %) و نەتەوەیەکگرتووەکان (٢٥ %)ی و رێکخراوە مرۆییەکانی تریش (٥ %)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، هەروەها بەشێکیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

زێباری لە بارەی ژمارەی راگوێزراوان وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ یارمەتێدانی راگوێزراوان، بەپێی دوایین داتا و سەرژمێری کە لە پلانی کاردانەوەی مرۆیی نووسینگەی رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA) دا هاتووە  تا ئێستا (165,000) راگوێزراو لەو کەمپانەدا دەژین کە حکومەتی هەرێم دابینی کردوون لەوانە (135،399) یان لە دهۆک و(15،981) لە هەولێر و (13,620) لە سلێمانی، هەروەها لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم ژمارەیەکی زۆری راگوێزراو لە لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین لەوانە (190,000) لە دهۆک و (170,000) لە هەولێر  و (120,000) لە سلێمانی، لەلایەکی دیکەوە نزیکەی (21,000) راگوێزراو لە کەمپە نا فەرمییەکاندا دەژین کە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان پێیان کارێکی ئاسان نییە لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەت و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر مانەوەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان ولەم بارەوە وتی: تا ئێستا نزیکەی (٥٠%)ی ئاوارەكانی ناوخۆ و (١٠٠%)ی پەنابەرانی سوری کە دەكاتە نزیكەی یەك ملیۆن و نیو ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان درووستكردووە، چونکە بەشێکی زۆریان پێویستیان بە هاوکاری بە پەلە هەیە، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدرال بە هاوکاری و رێکخراو و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گرنگییەكی زیاتر  بەم بابەتە بدات لە دابینکردنی هاوکاری و پێداویستییەکانیان  یان  و زەمینەیەكی لە بار بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەیان، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان ناكات لە هەمان كاتدا بە زۆر هیچیان ناگەڕێنێتەوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئەوەشی ئاشکرا کرد: مانەوەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کاتێکی زۆری خایاند لەوەی کە پێشبینی دەکرا،  پێویستە رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بە گشتی وەک حاڵەتێکی هەمیشەیی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن نەک بە شێوەیەکی کاتی، چونکە سەرەڕانی مانەوەی راگوێزراوان لە کەمپەکانی هەرێم بەردەوام پەنابەرانی سوری روو لە هەرێم دەکەن بەتایبەتی دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکە، بۆ ئەم مەبەستەش لە شارۆچکەی بەردەڕەش کەمپێکی دیکە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی رۆژئاوە درووستکراوە و زیاتر لە (٢٠) هەزار پەنابەر لەخۆ دەگرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم: بەم دواییە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەڕەشە لە زۆربەی وڵاتان دەکات بۆیە دیکەوە داوا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکەین گرنگی بە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بدەن بەتایبەتی لە کەمپەکان کە ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و راگوێزراو لەخۆ دەگرن و ئەگەری تووشبوون بەم ڤایرۆسە لەو شوێنانە زیاترە و کۆنتڕۆڵکردنیشی کارێکی ئاسان نابێت، بۆیە پێویستە هەوڵەکانی هەموو لایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا چر بکرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی راگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە رێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووه.

 





ئەم هەواڵە 1633جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
ئاسكێك ده‌چێته‌ ناو سه‌رتاشخانه‌یه‌ك، ترس دروست ده‌كات
پشیله‌یه‌ك چۆن رێگری له‌ مارێك ده‌كات هه‌ڵبێت
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad